مەسعود بارزانی دو ساڵ پارلەمانی کوردستانی داخست و دو ساڵیش رێی لە سەرۆکی پارلەمان گرت بچێتە هەولێر لەبەرئەوەی یەکێک لە داواکانی پارلەمان بۆ گۆڕینی قانونی سەرۆکایەتیی هەرێم هەڵبژاردنی سەرۆک بو لە پارلەمانەوە، کەچی ئێستا پارتی داوادەکات تەنانەت سەرۆکی عێراقیش لەلایەن پارلەمانی کوردستانەوە دیاریبکرێت.
نە پارتی پێمان دەڵێت بۆچی پێویستە بەرهەم ساڵح وەک سەرۆکی هەرێم هەڵنەبژێردرێت و نە یەکێتیش تا ئێستا رونیکردۆتەوە بۆچی هەڵبژاردنەوەی بەرهەم ساڵح باشترە.
لە راستیدا، یەکێتی و پارتی و خودی بەرهەم ساڵحیش لە پرسی سەرۆکایەتیی عێراقدا ناگەڕێنەوە بۆ خەڵکی کوردستان. هەرسێکیان لەنێوان خۆیان گفتوگۆی ئەوە دەکەن کێ سەرۆک بێ، تەنانەت لەناو یەکێتیش تەنها گروپێکی بچوکی ناو مەکتەب سیاسی و بنەماڵەی تاڵەبانی قسە لەسەر ئەو پۆستە دەکەن و بڕیار دروستدەکەن.
نە میدیا و نە خەڵک دەپرسێ باشە ئەو پۆستە بە ناوی خەڵکی کوردستانەوە دەدرێتە گەلی کورد، بۆچی گەلی کوردستان تەنانەت یەک وشەی سادەشی لەسەر ئەو پۆستە نییە؟