‎ئاماژەکانی راگەیاندنی جەنگ لەلایەن ئیسرائیلەوە

لە لایەن ئەبوبەکر عەلی 12/10/2023

‎ئاماژەکانی راگەیاندنی جەنگ لەلایەن ئیسرائیلەوە
‎ئیسرائیل دوای پەلامارەکەی حەوتی ئەم مانگەی حەماس، بۆیەکەم جار لەدووای جەنگی(١٩٧٣)ەوە تاکو ئێستا حاڵەتی جەنگی راگەیاند.
‎ئەوەش چەندین واتاو ئاماژەی لەگەڵ خۆیدا
‎هەڵگرتووە، لەوانەش؛
‎ ١-گەورەیی ئامانجی کردە سەربازییەکان بەبەراود لەگەڵ جاراندا. بەوواتایەی ئەگەر ئامانج لەکردە سەربازییەکانی پێشوو دژبەغەززەو حەماس و جیهاد تەمێکردن، چاوشکاندن، تۆڵەکردنەوەو لاوازکردن بوو بێت، ئامانجی ئەمجارە، وێرانکردنی ژێر خان وهەلومەرجی ژیانە لەغەززەو سەرکەوتن بەسەر دوژمن وکۆتایپێهێنانی خۆی و ئەو جوگرافیاو ئامێزە مرۆییەشە لەخۆی گرتووە. ئەوەش دووپاتکردنەوەی هەمان تاکتیکی بەعسییەکانە دژ بە بزووتنەوەی بەرهەڵستکاری کورد لەباشوور لەهەشتاکاندا،لەرێی دیاریکردنی ناوچە قەدەغەکراوەکان، واتە ئەوناوچانەی نابێت ژیان ومرۆڤی تیا بمێنێت بۆ شکستپێهێنانێکی ستراتیژی پێشمەرگە، کەدوواتر، ئەنفال وکیمیاباران و بەگشتی جینۆ سایدی لێ کەوتەوە.
‎٢- لەڕووی کاتەوە، خۆئامادەکردنە بۆ کاتێکی درێژتر
‎٣- سوود وەرگرتنی سەرۆک وەزیران وحکومەتەکەی، لە سەرجەم تواناکانی دەوڵەت وهەموو ئەو دەسەڵاتانەی دەستوورو یاساکان لەکاتی جاڕدانی جەنگدا، پێيان دەبەخشن.
‎٤- سوود وەرگرتن لەبنەمای مافی بەرگری لەخۆ کردن لە یاسای گشتی نێودەوڵەتی بۆ پساودانی تاوان ولێکەوتەکانی بۆردوومان وپەلامارە سەربازییەکان بۆ سەر خەڵکیمەدەنیدەنیا.
‎٤- سەرنجراکێشانی نا ڕاستەوخۆ بۆ ئەوەی کە ئامانجی کردە سەربازییەکان و جەنگەکە تەنها بە فەلەستین و غەززە قەتیس نابێت، بەڵکو ئاستە هەرێمییەکەو دەوڵەت پشتیوانەکانی حەماس و غەززەش دەگرێتەوە. خۆئەگەر لەئێستاشدا جەنگەکە بۆ ئەو ئاستە پەرە نەستێنێ، کەئەگەری هەیە، ئامادە سازییە جەنگییەکان ڕێ لەوە بگرن، کۆماری ئیسلامی ئێران و هاوپەیمانەکانی لەڕێی کردنەوەی بەرەیەکی نوێوە، بیانەوێت ڕێ لە تێکشکاندنی تەواوی ووێرانکردنی غەززە بگرن.
‎. سوود وەرگرتن لەدۆخەکە بۆ جێکردنەوەی ڕوواڵەتی دەرهاویشتەکانی کردە سەربازییەکان و لەوانەش دووبارە داگیر کردنەوەی زەوی، لەچوار چێوەی یاسای گشتی نێو دەوڵەتی.
‎٥- داواکردنی هەڵوێست و پشتیوانی ویارمەتیدانی ئاشکرا، لەلایەن ئەمریکاو خۆرئاواو دۆستەکانی ئیسرائیل و فشارکردن لەهەندێ هێزو دەوڵەت لەم ڕووەوە.
‎٦- کردنەوەی دۆسییە بۆ دوژمن و تاوانبارکردنی بەتاوانی جەنگ و سکاڵا لەسەر تۆمارکردنی لە دادگا نێو دەوڵەتیەکان.
‎٧- گۆڕێنی وەسفی یاسایی بەدیلگیراوو رفێنراوەکانی لەبارمتەوە بۆ ئەسیری جەنگ، لەپێناو پارێزگاریکردن لە سەلامەتیان و نەچوونە ژێر باری مامەڵە پێوە کردنیان. هەڵبەت ئامانجیشیانە هەوڵدەن خۆیان وێنای ڕفێنراوو بارمتەیان لێبگرن وراستەو خۆ هەوڵی ڕزگارکردنیان بدەن و گوێ نەدەن بەوەی هەندێکیشیان تیا دەچن لەسۆنگەی گەورەیی زیانەکان و ئاستی رق و هەست بە سووکایەتیپێکرانیان.
‎٨- بێدەنگردنی نارەزایەتی ناوخۆو بەدیهێنانی یەکییەتی ڕیزی نیشتیمانی بەحوکمی وێناکردنیان بۆ دۆخەکە بەوجۆرەی ئیسرائیل هەرەشەی بوونی لەسەرە.
‎ئەوەی سەرەوە بەشێ لەئاماژەکانی راگەیاندنی جەنگن لەلایەن ئیسرائیلەوە، کەیەکسانە بە تێپەڕاندنی دۆخی ئیدارەکردنی ململانێکان بۆیەکلایکردنەوەیان بەو ئەندازەی بۆیان دەچێتە سەر.
‎بوونی کەشتیە جەنگییەکانی ئەمریکاش لەنزیکی گۆڕەپانی جەنگەکە، بۆ ڕێگریکردنە لەکردنەوەی بەرەی لوبنان دژ بە ئیسرائیل. بۆئەوەی ئیسرائیل دەستیکراوە بێت بۆ پیادەکردنی ستراتیژە نوێکەی دژبە غەززەو هێزە بەر هەڵستکارەکان تائەوسەر.
‎ئەوەی دەتووانێ تەگەرە بۆم ستراتیژە لەڕووی کات و قەبارەوە دروست بکات، گەر بەکاتیش بێت، جگەلەگیان وتوانای بەرگری غەززەییەکان وهێزە بەر هەڵستکارەکانی، کردنەوەی بەرەی باشووری لوبنانە دژ بەئیسرائیل. لەو سۆنگەوە کەئەگەر بەرەی بەرەنگاری ئیسرائیل بە ڕێبەرایەتی ئێران، ڕازی بێت بە تێکشکاندن وپاکتاوکردنی حەماس وجیهادو، وێرانکردنی غەززەو کۆتایی هێنان بەواقیعی ئێستای، جگەلەوەی وەرەقەیەکی گەورەی لەدەست دەچێت، مسداقییەتیشی دەکەوێتە ژێر پرسیاری جددییەوە. پێش ناچێت لەسزادان ڕزگاریبکات.
‎هەمان ستراتیژی ئیمام خومەینیش لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دژ بەنەیارەکانی لەناوخۆدا، کەیەك یەك تەنهایی دەکردنەوەو لەیەکتری دادەبڕین و دووای کۆتایی پێدەهێنان، لەڕێی دابەشکردنی جەنگێکی سەراسەری بۆ چەند شەڕێکی لێکدا بڕاو بەمەبەستی گەیشتن بەسەری مارەکە دژ بەئیرانیش دووبارە دەبێتەوە.
‎بۆ ئێمەش وەك کورد گرنگە لەئاژەکانی ڕاگەیاندنی جەنگ لەلایەن ئیسرائیلەوە تێبگەین، چونکە جەنگێکە لێکچوونی لەگەڵ جەنگی دژ بەتیرۆری ئەمریکا لەدووای رووداوەکانی یانزەی سبتەمبەری٢٠٢١ هەیە، کەخوا حەزکات ئەوە بابەتی وتارێکی ترمان دەبێت.

 

وتاری زیاتر