بۆچی ئیسرائیل لە مێژووی خۆیدا دووچاری مەترسی وجودیی هاوشێوەی ئێستا نەبۆتەوە؟

لە لایەن ئەبوبەکر عەلی 28/10/2023

وەزیرێکی حکومەتی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرەتای دروستبوونی ئیسرائیلەوە تاکو ئێستا، هەرگیز قەوارەکەی، ڕووبەڕووی ئاڵنگاری و مەترسی جودی هاوشێوەی ئێستا نەبۆتەوە.
ئەگەر بەشێ لەم وەسفەش بە ئاقاری نێوخۆو دەرەوەدا، بۆ وەبەرهێنانی سیاسی بێت، ئەوا بەشەکەی تری، گوزارشت لە ڕاستیەکی مەیدانی و پێدراوێکی واقیعی دەکات، ئەوەش لە سۆنگەی چەندین هۆکار و گۆڕاو لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکاندا، لەوانەش:
١- بۆ یەکەم جارە لە مێژووی ئیسرائیلدا بەو جۆرە غافڵگیر بکرێت و دووچاری شۆك ببێت. دوژمنەکانی کات و شوێن و جۆری جەنگ دژ بە ئەو دیاریبکەن، لە ماوەیەکی پێوانەیدا، زیانێکی گەورەی لێبدەن و دەستێکی خراپی لێبووەشێنن.
٢- شکاندنی هەیبەتی سوپاو دام و دەزگا هەواڵگرییەکانی و کۆتاییهێنان بەو سەرمایە ڕەمزی و ئەفسانەیەی کە باسی لەوە دەکرد، سوپای ئیسرائیل قابیلی غافڵگیرکردن دەستلێوەشاندنی گورچکبڕ و زەفەر پێبردن نییە.
٣- لەبەریەکهەڵوەشاوەیی بێپێشینەی بەرەی ناوخۆیی پێش دەستپێکردنی جەنگەکە، لە سۆنگەی سیاسەتە توندرەوەکانی ناتەنیاهۆو هاوپەیمانەکانی لە حکومەتداو جوڵاندنی شەقام لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە، تا سنووری مەترسی دەربڕین لە هەڵگیرساندنی جەنگی ناوخۆیی.
٤- سەرسەختی دوژمنەکەی لە ئێستادا و ترس لە ئاییندەو قەبارەی زیانەکان و ناڕۆشنبوونی بەتەواوی ئەو چارەنووسەی چاوەڕێی سووپاکەیەتی، بەپێچەوانەی سوپا فشۆڵە عەرەبییەکانی لە جەنگەکانی پێشوودا، ئەویش لەسۆنگەی تێکەڵکردنی پرسی عەقیدەو ڕزگارکردنی خاك بۆ ئاستی پیرۆزی و لەپێشگرتنی تاکتیکی نوێ و ئامادەیی بۆ قوربانیدان لەئاستێکی خەیاڵیدا.
٥- نالەباری دۆخە نێو دەوڵەتیەکە سەبارەت بە تەلئەبیب، لەسۆنگەی خستنە ژێر پرسیاری هەژموونی خۆرئاوا بەسەر سیستمی نێو دەوڵەتی ئێستادا وداواکردنی سیستمێکی فرە جەمسەرلەلایەن چین و روسیاو هاوپەیمانەکانیانەوەو بوونی جەنگی رووسیا دژبەئۆکرانیاو کاردانەوەکانی ئەم جەنگە بەسەر کۆی ململانێکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و پەرتکردنی تواناکان وکاری نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
٦- ئەو باجە قورسە ئەخلاقی و مەعنەوییەی لەهەموو حاڵەتیکدا دەبێت لەم جەنگەدا بیدات، کە راستەوخۆ پەیوەندی بەپاساوی بوون ومانەوەو گووتارە مێژووییەکەی لەم بارەوە هەیە.

 

وتاری زیاتر