کەرکوک قودسی عەرەبەکانە؟! لەمەڕپێویستی نەخشەو زھنیەتێکی نوێ بۆکورد

لە لایەن ئەبوبەکر عەلی 13/07/2019


خۆپیشاندەرە عەرەبەکان لە کەرکوک دروشمی نەخێر بۆ داعش وجیاخوازەکانیان بەرزکردەوە،لەدروشمێکی تریشدا کەرکوکیان بەقودس چواندبوو ! تورکمان وعەرەبیش دژایەتی خۆیان بۆدانانی پارێزگارێکی کورد دەربڕی . ھەموو ئەمەش پێمان دەڵێت پرسی کەرکوک گەڕاوەتەوە بۆ ھەندێ قۆناغی بەرایی ، بەڵام لەھەمان کاتدا دووبارە وروژاوەتەوەو بۆتەوە بەکێشەیەکی گەرم وزیندوو . عەرەب وتورکمانەکان ، لانی کەم نوێنەرە سیاسیەکانیان واقسە دەکەن ، کەرکوک لەدەست داگیرکاری کوردی ڕزگاری بووە ، لەوەتەی کوردیش حوکمی ناکات ئاسایش بۆ پێکھاتەکانی گەڕاوەتەوە؟ھێزەعەرەب وتورکمانەکانی دەخوازن مەسەلەکە لەچوارچێوەی یاساو زۆرینەی لیستی برایەتی دەربکەن وبیبەستنەوە بەتەوافوقی پێکھاتەکانەوە ، کەئەوەش کارێکی ئاسان نیەو یەکسانە بەدرێژەدان بە دیفاکتۆی ئێستا . کوردیش دەخوازێت لەڕێی سێ کوچکەی بەرکەوتەی یاسایی ، لێکتێگەیشتن لەگەڵ پێکھاتەکان ، لانی کەم بەشێ لەنوێنەرەکانی وتەوافق لەگەڵ بەغدا دۆخی شارەکە ئاسایی بکاتەوە وکێشەکانی چارەسەربکات ؟ لەھەموو حاڵەتێکدا دوای ڕیفراندۆم کورد وەک نەتەوەیەکی جیابوەوە لەعیراق سەیری دەکرێت . گرنگە کورد ئەمە بزانێ ، لەسۆنگەی گواستنەوەی ناکۆکیەکانی دوو پارتەکەش بۆ ناو کەرکوک،کەرکوک بوو بەکێشەیەکی کوردی_کوردیش!!.دوای ڕیفراندۆمیش ئەمە زەقتر بۆوە.ئێستاش تاسەر گرەو لەسەر ھیچ ڕێکەوتنێکی یەکیەتی وپارتی ناکرێت.بەتایبەتیش لەدۆخی دروستبوونی فشاری توندا. پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ئامانجی کورد گێڕانەوەی دۆخی جاران ودووبارە بەرھەمھێنانەوەی کێشەو چیرۆکەکانە، کەبەبڕوای ئێمە دوای ئەوەی ڕوویداوە ئاسان نیە،ژیانی پێکھاتەکان بۆماوەیەکی بەرچاو لەدەرەوەی دەسەڵاتی یەکیەتی وپارتی ھەمان دۆخی جاران قبوڵ بکەن ؟.بەحوکمی ئەوەی بەربەستی ترسیان شکاوەو بەرژەوەندی جۆراو جۆریان بۆ دروست بووە . وەئایە ھێزەکوردییەکان بەھەندێ بەرژەوەندی ئابووری قایل دەکرێن؟کەلەڕابردوودا ئەم ھۆکارە زیادلە دەرفەتێکی لەدەستمان داوە ؟ بەڵکو پێش ھەموو شتێک وەک کورد دەتوانین خاوەنی لێکدانەوەو دیدو نەخشەیەکی سەرو حیزبی ونەتەوەیی بین بۆ شارەکەو تێکڕای ناوچەکوردستانیە کێشە لەسەرەکان؟ خۆئەگەر لانی کەمی ئەوە ھەبوو خوێندنەوەمان بۆ گۆڕانکاریەکان وئەگەرەکانی داھاتوو ڕەنگدانەوەیان بەسەر پرسی کەرکوک وکۆی بارودۆخی کوردوستانی باشوور چی یە ؟ سیناریۆو بژاردەکانی بەردەممان کامانەن ھەرلە درێژەدان بەدۆخی ئێستاو چارەسەرێکی نیوەناچڵەوە بگرە تادەگاتە دووبارە وەگەڕخستنەوەی ڕیفراندۆمەکە؟لەم پرسەداچی ستراتیژو چی تاکتیکە؟قۆناغەکانی چارەسەر کامانەن وچۆنابەقازانجی چارەسەری پرسەکە یەکتری تەواو دەکەن؟ تاکەی بەم جۆرەی ئێستا بەدیارماددەی سەدو چلەوە دادەنیشین؟بژاردەکانی دەرەوەی میکانیزمەکانی ئەوچین لەژێر چەتری ڕەوایەتی ماددەکەدا؟ بەکورتی نەخشە ڕێگای نوێی کورد لەم ڕوەوە چیەو کێ گەڵاڵەو گەنگەشەی کردووە؟ چونکە کورد پێویستی بەنەخشەو زھنیەتێکی نوێ ھەیە. لەم ڕوەشەوە کورد دەبێت پێش ھەرشتێک ببێت بەکورد.چونکە ئێستا کوردبوون لەوە کەوتووە ببێتە ژێرخانی دیدو ڕیزێکی تۆکمەو لەشکان نەھاتووی یەکگرتوو،کورد نەک ھەرلەکەیە لەگەڵ بوونی دروشم وداوای ھاوبەشدا ناکۆک بێت،بەڵکو دەبێت قۆناغی ھاوپەیمانی نێو خۆیش بەقازانجی ھاوچارەنووسی ڕاستەقینە تێپەڕێنێت،چونکە ھاوپەیمانی بەرگەی ڕۆژە سەختەکان ناگرێت وتوانای بەدیھێنانی ئامانجە گەورەکانیشی نیە. کورد پێویستی بەدیدێکی ھەمەلایەنەیە،پێویستی بەھاوپەیمانی یە لەگەڵ یەکێ لەپێکھا تەکان،کەپێکھاتەی تورکمان لەبەرھەندێ ھۆی مێژوویی وھەرێمایەتی وسروشتی مەسەلەی کورد لەعێراقدا بەپلەی یەکەم بۆ ئەم خواستە پاڵێوراون .چونکە کورد لەیەککاتدا توانای ململانێی لەگەڵ ھەریەک لە ئێران وتورکیاودنیای عەرەبدا نیە، بەم کارەش جگە لەڕەواندنەوەی ئەو مەترسیانەی لەسەرئاستی ئەنجومەنی پارێزگادا بەڕێوەن، وێنای ململانێکەش لەکوردو بەرامبەرەکانیەوە،دەگۆڕێ بۆ عەرەب و بۆ نموونە ھاوپەیمانی سێ نەتەوەکەی تر بەبێ پەراوێزخستنی عەرەبیش.بەڵام ئەمەش کارێکی زۆری دەوێت چونکە پێویستی بەڕەچاوکردنی بەرزەوەندی ھەندێ لایەن ودەوڵەت ھەیە،مەگەر گۆڕانکاریە چاوەڕێکراوەکان بۆ ماوەیەک ھەندێ بەرژەوەندی سڕبکات کوردیش توانای قۆستنەوەی دەرفەتەکەی ھەبێت،کورد دەبێت فێرببێت چۆن سازش دەکات ولەگەڵ کێ و لەسەرچی و لەپێناو چیدا ، لەڕوویەکی ترەوە کورد واتە یەکیەتی وپارتی دەبێت دان بەوەدا بنێت کەبەشێ لە شکستی ئەو لەڕابردوو دڕدۆنگیەکان بەرامبەری لەئێستادا ئەخلاقیە،سەرکەوتن لەسایەی تەرازووی ھێزەکانیش لەم شارەو تکڕای ناوچە کێشە لەسەرەکاندا سەرکەوتنی سیاسی وسەربازی بێ سەرکەوتنی ئەخلاقی قورسە.

وتاری زیاتر