بە(عینادیی) بەرەو کوێ؟

لە لایەن ھادی حەمە ڕەشید02/04/2024

بە(عینادیی) بەرەو کوێ؟!
#شیکاریی
هادی حەمەڕەشید
چونکە هەرێم لەهیچ کوێ ناچێت، لۆژیك نائامادەیە، پێدراوی گەورە و گرنگ زۆر جار ستۆك ئەکرێت و کەمترین کارکردی هەیە، بۆیە لەم شیکارییەدا پشت بە پێدراو و لۆژیك ئەبەستین نەك فاڵگرتنەوە.
لە کێشەکانی درێژکردنەوەی ویلایەتی #مەسعود_بارزانیی ـدا لەساڵی ٢٠١٥دا پارتیی بە هاوکاریی ماشێنە میدیاییەکەی ڕای گشتییان بە ئاراستەی(عینادی سیاسیی)بوونی بزووتنەوەی گۆڕان و سەرۆکی پەرلەمانەکەیدا بردبوو، بە ڕادەیەك کە توانجی(عیناد) یار و نەیار بۆ یوسف موحەممەد و گۆڕانیان بەکارئەبرد!
کات تێپەڕیی لە سەروەختی ڕیفراندۆمدا لە ٢٠١٧ بارزانیی بۆ خۆی لە پڕۆسەیەکی تەواو عیناددا (هەڵبەت بە بەشداریی موبارەکەی کۆی لایەنەکان، جا بە نەخێر بێت یان بەڵێ، شەرعییەتیان بە ڕاپرسییەکە دا)هەرێمی خستە سەر ئاگر و ژێرباری دەیان ئابڵوقەی تاقەتپڕوکێن و سەدان سازشەوە.
حەیف میدیایەکی جدیی نەبوو تا پاڵپشتی کۆمەڵگا بکات، بەڵکو خەڵکی کوردستان بە تەنیا سەرانی ڕیفراندۆمەکەیان ڕەخنەباران کرد!
ئێستا و پاش ئەو ڕووداوانە، پارتیی جارێکیتر لە ژێر باری(عینادیی) سەرۆکەکەیدا ڕەدی ئەکاتەوە بەشداریی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا بکات.
دواکەوتنی هەڵبژاردنەکە و پاساوەکانی گەیشتن بە ئەمڕۆ و مشتومڕەکان ڕوونن، ئەوەی ناڕوونە؛ ئایندەی هەرێم و دەرئەنجامەکانی بەشداریی نەکردنی پارتیین، کارکردی بڕیارەکەی پارتییە کە ڕاڕاییەکی لە ناو کۆمەڵگادا دروست کردووە.
پارتیی لە حەفتا و حەوت ساڵ زیاتری تەمەنییدا ڕووبەڕووی دۆخی پڕ ئابڵوقە و بێ دەرەتانی وەك ئێستا نەبووەتەوە، بژاردەکانی لەبەردەمییدا (خراپ) و (خراپتر) و (خراپتریین)ـە، بۆیە بۆ دەرفەتێك ئەگەڕێت تا دراماتیکیی دۆخەکەی بۆ بگۆڕێت تا ئاستی پەرجوو!
ئەوەی پارتیی هەرگیز چاوەڕێی نەبوو، دۆست و نەیار بە تەنیشتی ئەودا تێپەڕین و لیستی ناوەکانیان ڕادەستی ئۆفیسەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد، بۆ یەکەمجار بەتەواویی(خۆیان وتەنیی) خرانە دەرەوەی ئیجماعەوە!
یۆنامیی و باڵوێز و نێردەی وڵاتانیش جگە لە ئامۆژگاریی و هاندان بە ئاراستەی پێکهاتن و ڕووکردن لە بەغدا و بەشدارییکردن، ڕاسپاردەیەکی ئەوتۆیان نەبوو!
ئێستا کە بیست و چوار سەعات تێپەڕ بووە بەسەر کۆتا وادەی ڕادەستکردنی ناوی لیست و بەربژێرە سەربەخۆکاندا، پێدراو و (هەندێ)زانیاریی بەم جۆرەیە؛
یەك: وەك سەردەمی ڕیفراندۆم دیسانەوە پارتیی نەیتوانیی شیتەڵی کۆد و پەیامەکان بکات و عینادیی هەڵبژارد، لەو باوەڕەدا نەبوو دۆخەکە بگات بە ئێستا، بۆیە ئێستا لە هەوڵدایە جارێکیتر سوود لە پێگەی دیپلۆماسییەتی #نێچیرڤان_بارزانیی وەربگرێت و لە هەوڵی دواخستنی پڕۆسەکەدایە بە هەر نرخێك بووە، کە بە پلەی یەکەم لەسەر سازشی بەردەوامی ئەو حیزبە وەستاوە ئەم بژاردەیەش!
دوو: لایەنی بەرامبەر یەکێتیی نیشتیمانیی و هیچ هێزێکی کوردستانیی نییە، تا بە چاوسوورکردنەوە و بە کارهێنانی کارتی جۆراوجۆر پاشەکشەیان پێبکات.
بەڵکو لایەنی بەرامبەر لایەنە شیعەکانن، کە لە پشتی ئەوانیشەوە ئێران هەیە، لە ڕێگای دادگای فیدراڵییەوە یەك لەدوای یەك کارتەکانی فڕێ ئەدات!
پرسیار ئەمەیە؛ پارتیی ئەتوانێت چیی بکات؟
کەمێك لەمەوبەر لە ڕێگای وتەبێژەکەیەوە ڕایگەیاند:(ئەگەر هەڵبژاردنیش دوابخرێت، "هەر دەبێ ئەو راستكردنەوە دەستووریی و یاسایی و تەکنیکیانە ئەنجام بدرێن كە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد پێویستە".
کەواتە لەوەش تێگەیشتووە کە دواخستنی بۆ چەند مانگێك و بە هەمان هەمواری هەڵبژاردنەوە و لەژێر ڕەحمەتیی سکاڵابارانی دادگای فیدراڵییدا، دۆخەکە لەسەری زیاتر تەسك ئەبێتەوە، بۆیە ناچێتە ناو هەڵبژاردنەکەوە.
کەواتە ئەبێت چیی ڕووبدات ئەگەر سوور بوو لەسەر هەڵوێستەکەی؟
ئەگەری یەکەم و بەهێز: ئەوانەی کە جڵەوی ڕووداوەکانیان بەدەستەوەیە(ئێران) و چوارچێوەی هەماهەنگیی(لەسەرووی #موحەممەد_شەیاع_سۆدانیی ـیەوە) وەك لە میدیا و میدیاکارانەوە بیسترا سوورن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە و هانی دادگای فیدراڵیی ئەدەن کە گوێ بە فشارەکان نەدەن.
لەم بارەدا هەڵبژاردن ئەکرێت و ئەگەر پارتیی ڕازیی نەبوو لە زۆنەکەیدا ئەنجام بدرێت، ئەوا ڕێکاری توندتری لە دژ ئەگیرێتەبەر، وەك لێرەولەوێ بە گوێیاندا ئەدرێت
بە یاخیی بوو و دەرچوو لە یاسا هەژمار ئەکرێت و هەوڵی قەدەغەکردنی حیزبەکە و بلۆککردنی سەرمایەکانیان و قەدەغەی چوونە دەرەوە و هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر و ….تاد
یان نەخێر ڕێکاری توندیشی لەدژ ناگرنەبەر لێئەگەڕێن بەبێ شەرعییەتی یاسایی و بەبێ دامودەزگای پەرلەمان هەولێر و دهۆك بەڕێوە ببات، لەم بارەشدا ئۆباڵی هەڵوەشاندنەوەی(قەوارەکە) ئەکەوێتە سەرشانیان، کە خۆیان دەمێکە وەك (پەرۆشتریین) لایەن بۆ مانەوەی ئەو چوارچێوەیە بانگەشە ئەکەن، بانگەشەکان بۆ مێژوو بەتاڵ ئەبنەوە و لەسەر دەستی خۆیان کۆتایی پێئەهێنن!
بەڵام لەم دوو پارێزگایەیتر هەڵبژاردن ئەکرێت و لە پڕۆسەیەکی ئاڵۆز و پیچیدەدا پەیوەندی ئەم دوو پارێزگایە و بەغدا ڕێکئەخرێت.
ئەگەری دووەم: ئەگەر دیسان هەڵبژاردن کرا، پارتی ڕازیی بوو بە بەڕێوەچوونی بەبێ خۆی، ئەوا ڕێکارەکانیتری سوێندخواردنی ئەندامانی خولی شەشەم و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی و پێکهێنان و متمانەدان بە حکومەت بەڕێوە ئەچێت و چوار ساڵی حکومەتداریی بەبێ پارتیی بەڕێوە ئەچێت، حکومەتی لە ئێستا لاوازتر و پڕ کێشەتر!
ئەگەری سێیەم: پارتیی بە هاوکاریی ئەمریکا و لە ڕێگای سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە هەڵبژاردن دوائەخات بۆ چەند مانگێك و پاشان بە هاوکاریی تورکیا کار بۆ ئاڵۆزکردنی ناوچەکە ئەکات.
ئەم ئەگەرە لەوەدا لاوازە کە نەیارەکانی جدیین لەدوانەخستنی و تورکیاش سەرباری خواستی ئۆپەراسیۆن و لەشکرکێشیی هەمیشە هەیە بۆ سەر پێگەکانی پی*کەی*کەی، بەڵام ئێستا لەگەڵ حکومەتی عێراقیش لە مانگی هەنگوینییدایە و بە چاوبڕین لە #ڕێگای_گەشە هیچ ڕیسکێك بە تێکچوونی ئەو پەیوەندییانەوە ناکات!

وتاری زیاتر