گۆڕان لەچی ئەترسێت؟!

لە لایەن ھادی حەمە ڕەشید24/07/2019


ئەمڕۆ لە بڕیارێکی زۆر بێ مەعنادا جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان بڕیاریدا کە ڕۆژی ۱٤ی ئەیلولی۲٠۱۹ دیاریی بکات بۆ ھەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێکخەری گشتیی، پاشان کۆمەڵە ھەڵسوڕێنراوێک کردیان بە ھەلھەلە و بە منەت بە خوارەوە و چاودێرانیان فرۆشتەوە کە گوایە گۆڕان جیاوازە و تیایدا دەستاودەست کردنی پێگەکان و پرۆسەی ھەڵبژاردن بە تەندروستیی بەڕێوەئەچێت!

خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێکخەر، ئەمڕۆ شەرعییەتیان نەما و پێش ئەمڕۆش ھیچ کارێک نەکرا تا نەکەونە ناو ئێکسپایەربوونەوە، مس مسیان بوو تا ئەمڕۆ وتیان مستەفا!

ئەمە گرنگ نیە بەسەرچوونی ھەر پۆستێک بۆ ماوەی دوو مانگ لە بنەڕەتدا بە گوناح ناژمێردرێت و بەئاوی دەستنوێژەوە ئەڕوا، بەڵام ئایا کێ ھەڵیان ئەبژێرێت؟! ئەی ھەڵبژاردن پرۆسەیەکی تەواوکاریی نیە؟! ئەی جڤاتی نیشتیمانی نابێت شەرعییەت لە بازنە و ڕایەڵە و ژوور و فراکسیۆنە جۆربەجۆرەکان و ئەنجوومەنی وڵاتان وەرگرێت؟!

سەرنج بدەن; ئەم خانە و ڕێکخەرەی ئێستا تازەترین ھەڵبژێردراون لە گۆڕاندا، بە دەستەواژەیەکیتر شەرعییەتیان لە ھەموو دەزگاکانیتر زیاترە، ڕێک دوو ساڵ بەر لەئێستا لە ۲۵ی تەموزی۲٠۱۷دا ھەڵبژێردران، بەڵام جڤاتی نیشتیمانیی ھەندێکیان ھیچ شەرعییەتێکیان نیە و کوڕانی کاک نەوشیروان وەک ڕێکخەری ژوور دایانناون، زۆرینەشیان کە باژێڕوانەکانن لە ۲٦ی۱۲ی۲٠۱٤دا ھەڵژێرراون و لە۲٦ی۱۲ی۲٠۱٦ـەوە بەپێی دەستووری ناوخۆیی شەرعییەتیان نەماوە!

کەواتە ئەم تیمە بەرژەوەندخوازەی گۆڕان بۆچی چەواشەکاریی ئەکەن و سەرەتا جڤات و مەکۆ و ژوورەکان تازە ناکەنەوە؟

لە کاتێکدا کە ئەیانەوێت ھەڵبژاردنێکی ڕۆتینات بۆ خانە و ڕێکخەر بکەن و درێژە بە خۆسەپاندن بدەن، ئێجگاریی بۆچی جڤات و ژوور و مەکۆ و بازنەکانیش نابەنە ناو ئەو پڕۆسەیەوە؟!

ئەوان خوازیاری مانەوەی جڤاتێکی وەک ئێستا دەست و پێ سپی و دەستەمۆن، دەی خوا ھەڵناگرێت ژوورێکی پەیجوورییان ھەیە لە کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و ڕاپرسی ھەرێم ساختەچیترن، قەولە باوەکەی خەڵک ئەم ستافە باڵادەستەی ئێستا ھەڵبژاردن لەگەڵ وڵاتی چین بکەن براوە ئەبن، کەواتە لەچی ئەترسن؟!

وتاری زیاتر