کورد خەریکە قڕی تێدەکەوێت
کورد زیاد لە هەزار و سێسەد ساڵ لە ناو بازنەی قەڵەمڕەوی خەلافەت و ئیمپراتۆرەتییە ئیسلامییەکاندا بووە. نەک لەناو نەچووە، بگرە بەشداری و ڕۆڵی کاریگەر و ڕاستەقینەیشی هەبووە، هەم لە بەڕێوەبردنی خۆیدا، هەم وەک کاراکتەرێکی ناو ئیمپراتۆرەتییەکان. نەک هەر ئەوە، زمانی کوردی و کولتورەکەیشی بەردەوام لە گەشە و ژیانەوەدا بووە. تەنانەت کەمایەتییە ئاینییەکانیش ماونەتەوە و لەگەڵ کۆی کورددا ژیاون.
ئەمە مانای ئەوە نییە، کورد ڕووبەڕووی زوڵم نەبووبێتەوە. بەڵام بەراورد بەم سەدەیە، ئاسمان و ڕێسمانیان فەرقە.
ئەوە سەد ساڵێکە و لەو ڕۆژەوەی داگیرکەری ئەوروپی و ئەمریکی سەریان کردووەتە جەستەی ئەم دەڤەرەوە، خێر و خۆشی بارگەی پێچاوەتەوە و کورد خەریکە قڕی تێ ئەکەوێت. نە زمانی ما و نە هەستی نەتەوایەتی. جلوبەرگەکەیشیان داکەند و شتێکی تریان کردە بەری. وەکو مەقاشی داماو، جارێ ئەیدەن بە گژی عەرەبدا و جارێکی تر بە گژی تورک و فارسدا، جارجارەیش بە گژی خۆیدا.
بە ناوی مافی نەتەوایەتی و کوردایەتییەوە، کەس نەماوە نەیدەن بە گژیدا.
میللەت هەیە لەو ئەفریقایەدا، لە سایەی دیموکراتی و ئازادیی هاوردەکراوی ئەوروپییەکاندا، تەنها لە ماوەی چل ساڵدا زمانەکەیان لەبیر بردووەتەوە. ئەوەیە ڕزگاری و ئازادی!
ئەم وێنانە، تەنها چاوی مرۆڤی ژیر و ناخپاک ئەیبینن، نەک کینەلەدڵ و سادەمێشک.