(Pygmalion Effect* کاریگەریی پیگمەیلیەن )
دکتۆر فەهمی عەلی عەزیز
کاتێ کە دەسەڵاتدار و کەسانی بەرپرس، دەکەونە دۆخی خاوبوونەوە و دۆڕانەوە و نزیکە لەوەی هەمبانەکەیان لەکیس بچێت، ئیتر دەست دەکەن بە بۆڵەبۆڵ و گلەیی، لە خۆیان نا، لە خەڵکی و دەربار. ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، هۆکاری شکستی خۆیان بە جۆرێ دەهۆننەوە تا بیخەنە ئەستۆی ناباشی و خەمساردی و خراپیی خەڵک. خۆ ئەگەر خەڵکی خۆیان لە بنەڕەتدا باشیش بن، لە لاشعوریاندا هەستی ناچالاکی و خراپبوونیان تیا چەکەرە دەکات.
دواجار، هەر بە ڕاستی خەڵکی خراپ دەبن و هەموو کردەوەکانیان لە ناو بازنەیەکی داخراوی پڕووکێنەردا، بێ بەرهەم دەبێت. بێچارە و دەستەوسان دەبن. لەوەیش خراپتر دەرەنجام، هەستی بێهیوایی و خۆبەکەمزانین و هەست بە تاوانباری لای خەڵکی درووست دەبێت. ئیتر خەڵکی دەبنە یەخسیر و ڕۆبۆتی تێڕوانینەکانی دەسەڵات. دەسەڵات چۆنی بوێت، ئاوها ڕەعیەتەکەی خۆی هەڵدەسووڕێنێت.
لەبەر ئەوەی دەسەڵات پێی وایە، خەڵک خراپە، ئیتر لە واقعیشدا خەڵکی هەر بە ڕاستی خراپ دەبن و فیترەتیان دەشێوێت.
کێشەکە لەوەدایە، دەسەڵات خۆی ڕاستەوخۆ و بێپەردە ئەمە ناکات، لە ڕێگەی هێزە سێبەرەکانیەوە ئەم بیرۆکەیە بڵاو دەکاتەوە و وردەوردە لە هزری خەڵکیدا دەیچێنێت. بە داخەوە زۆرجار، کەسانی ڕۆشنبیر و بیریاریش، بە ئاگایی و بێئاگایی خۆیان، بە مەبەست و بێ مەبەست، دەبنە ئامرازێکی چاندنی ئەم جۆرە کاریگەرییە.
لە مێژووی حوکمڕانیی وڵاتە جیاوازەکاندا، نموونەی لەم جۆرە زۆرن، هەر لە یەکێتیی سۆڤێتی جارانەوە تا دەگاتە کوبا و ڤەنزوێلا و کۆلۆمبیا و هتد.
ئەمە کورتەی پەیوەندیی دۆخی ئەم چەند ساڵەی کوردستان و دەروونشیکاریی ئەو دۆخەیە کە لە دەروونناسیدا بە (کاریگەریی پیگمەیلیەن ) ناسراوە و پەیوەندییەکی زۆری بە دۆخەکەوە هەیە. ئەم دۆخە پێچەوانەکەیشی هەیە، واتە دیوە ئەرێنییەکەی. کاتێ کە دەسەڵات چاوەڕوانی و گومانی باشی بە خەڵکی هەبێت، ئیتر خەڵکییش ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بەرەو باشە دەڕۆن.
-----------------------------
*لە ئەفسانەی گریکدا هاتووە: پەیکەرتاشێک، ناوی پیگمەیلیەنە، پەیکەری ژنێک درووست دەکات. ئەم پەیکەرتاشە ئەوەندە بە دڵ و گیان خۆی پێوە ماندوو دەکات، شتێکی ناوازە چی دەکات. ئیتر ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، سەرسامی بەرهەمەکەی خۆی دەبێت، تا دەگاتە ڕادەی خۆشویستنی، تا دەگاتە پلەی عاشقبوونی. ئاگری عیشقی ناخی و گەرمیی هەناسەکانی، دەگەنە لای خوداکانی گریک و ئەوانیش بڕیار دەدەن، ڕۆح بکەن بە بەریدا. ئیتر دەبێتە خاتوونێکی جوان و دەیخوازێت.
دەروونناسی ئەمریکی (ڕۆبەرت ڕۆزێنتاڵ) لە ساڵی ١٩٦٤، بە پشتبەستن بەم ئەفسانەیە و وەکو مێتافۆرێک (مەجاز)، توێژینەوەیەک دەکات لەسەر کۆمەڵێک خوێندکار. کورتەی دەرەنجامەکەی ئەمەیە: چاوەڕوانیی باش و هاندان، کاریگەریی ئەرێنی و باشی دەبێت لەسەر ئاستی ئەدای مرۆڤ. ئەڵبەتە پێچەوانەکەیشی درووستە.