سەبارەت بە مەلەفی سوتەمەنی و شتیتریش

لە لایەن ھۆشیار عەبدوڵا15/07/2019

 

‫رونکردنەوەیەک دەربارەی تێگەیشتنەکانی کاک هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی


‫چەند رۆژی رابردو ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەییدا ، کاک هەڤاڵ ئەبوبەکر دژی هەمو ئەو پەرلەمانتارانە قسەیکرد کە داوای ئەوە دەکەن حکومەتی هەرێم نەوت رادەستی بەغداد بکا،بێ ئاگا لەوەی ئەوە بڕگەیەکی یاسای موازەنەی ۲٠۱۹ یە و ئەوانەی ئەو داوایە دەکەن داوا دەکەن یاسا جێبەجێبکرێ، ئایا کاک هەڤاڵ دژی جێبەجێکردنی یاسایە؟! جا ئەو زمانە چی جیاوازە لە زمانی ئەو حزبیانەی تەنها لەبەر ئەوەی دەستمان بۆ مەلەفی نەوت برد ، تەخوینیان کردین ؟! ‬


‫ئێستاش نازانم بە چ لۆژێکیک وە بۆچی کاک هەڤاڵ لە قسەکانیدا مەسەلەی رادەستکردنی نەوتی هەرێمی بەستەوە بەکێشەی نەوتی سپی و سوتەمەنی و پشکی پارێزگاکان ، لە کاتێکا ئەو باشدەزانێ و بە شایەتی زۆر لا ئێمە هەوڵی ئەوەمانداوە نوسرا و هەوڵەکانی پارێزگاری سلێمانی لە وەزارەتی نەوت لە بەغداد کێشەیان بۆ دروست نەبێت و بە زویی رایی ببن وە بەردەوامی داکۆکیمان لە پشکی پارێزگاکانی هەرێم کردوە، هیوادارام ئەوە شەڕی بە وەکالەت نەبێت!


‫راستیەکەی ئیدارەدانی سوتەمەنیی و چۆنێتی دابەشکردنی سوتەمەنی لە تێکڕای پارێزگاکان ئێستاش و رابردوش پڕە لە کەموکوڕی و گەندەڵی ئەوەش بەسەر جادەکانەوە ، بە ریزی بەرمیل و کڕین و فرۆشی کۆبۆن و زۆر وردەکاری ترەوە دیارە و پێویست ناکا کەس لەو روەوە پاکانە بکا.‬


‫دەبو کاک هەڤاڵیش وەک ئێمە خەم و پرسیاری ئەوەی هەبوایە کە یاسایی موازەنەی ۲٠۱۹ بۆ جێبەجێناکرێ ؟ لەبەر هیچ نا لەبەر ئەوەی کیشە بۆ پارێزگاکەی و کارەکانی دروست نەبێت ، ئاخر ئەوە هەرگیز کێشەیەکی ئاسایی نیوان هەولێر و بەغداد نیە بەڵکو ئەوە کارەساتێکی گەورەیە لە رابردودا فەرمانبەرانی هەرێم موچەیان بەو هۆیەوە بڕاوە ، ئەوانەی داوا دەکەن هەرێم پابەند بێت بە یاسای موازەنەوە خەمی ئەوەیان هەیە جارێکی تر موچە نەبردرێ و دەیانەوێ هیچ پاساوێک نەدرێتە بەغداد ، بەڵام با کاک هەڤاڵ وەڵامبداتەوە ئەوانەی داکۆکی لەوە دەکەن کە هەرێم پابەند نەبێت و ئەو بڕە نەوتە نەداتە بەغداد داکۆکی لە کێ دەکەن؟ بۆ ئەو دیفاعە دەکەن ؟ کێ لەو داکۆکیە سودمەندە خەڵک یا مافیاکانی نەوت ؟! ‬


‫خۆ ئەگەر کاک هەڤاڵ ئەبوبەکر تاکە یەک دۆکۆمێنت یا نوسراو یا تەنانەت لێدوانی میدیایی لایە وەک بەڵگە کە پەرلەمانتارێکی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەران داوای ئەوەی لە حکومەتی عێراق کردبێت پشکی نەوتی سپی یا سوتەمەنی پارێزگاکانی هەرێم ببردرێت ئەوە منیش دەنگم دەخەمە پاڵ دەنگی و دەڵێم حەق لای تۆیە، بەڵام دەبێت بەڵگەکەی بخاتە ڕو ، خۆ ئەگەر بەڵگەی نیە حەق وایە داوای لێبوردن بکا.‬


‫سلێمانی شارێکی گەورەیە نەک بەمانا جوگرافیەکەی بەڵکو بەمانا مەعنەوی و سیاسیی و میژوییەکەی ، پارێزگاربون بۆ شارێکی وەک سلێمانی کە بۆ هەموان شانازی و شکۆی نیشتیمانپەروەیە پێویستی بە زمانێکی دەقیقتر و وردتتر و راقیتر هەیە لەو زمانەی بەداخەوە ماوەی رابردو کاک هەڤاڵ ئەبوبەکری بەرێز لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەیدا قسەیپێکرد.‬


‫دڵنیام کاک هەڤاڵ جارێکی تر خۆشی گوێ لە قسەکانی بگرێتەوە دەزانێ هەم دو مەلەفی جیای زۆر خراپ تێکەڵ کردوە هەم بە زمانێکی گشتگیر تەڕ و وشکی پێکەوە سوتاندوە.‬


‫دوا سەرنجم ئەوەیە لە نێوانی ئێمەدا ، چ وەک نوێنەر چ وەک ئەوانەی لە بواری دەسەڵاتی جێبەجێکردن کار دەکەن ناکۆکی ، لێکتێنەگەیشتن، بیرورا جیایی ، ململانێ و گرفت دروست دەبێت و ئەوە ئاساییە ، ئەوەی ئاسایی نیە ئەوەیە بە زمانێکی نا شایستە و بریندارکەر و روشێنەر روەو یەکبدوێین ، زمان و دەربرینەکان دەبێ بگەنە باڵای ئەو بەرپرسیارێتیەی کە خراوەتە سەرشانی هەردولا .‬


‫بە هیوای ئاوەدانیی و لالێکردنەوە و خزمەتکردن و پێشکەشکردنی هەمو خزمەتێکی شایستە بە شاری سلێمانی، سلێمانی ئەو شارەی کە زۆر دەمێکە بە هۆی ناکارایی و بێ جورئەتی بەرپرسەکانیەوە غەدرێکی گەورەی سیاسیی و ئیداری پلانبۆدارێژراوی دەرحەق ئەنجامدەدرێت و کەمیشن زۆر کەم ئەوانەی لانیکەم جورئەتی گوتن و دیاریکردنی ئەو غەدرەیان هەیە و بەدەنگی بەرز هاواری بۆ دەکەن.

وتاری زیاتر