مەسعود بارزانی: ئەو بارودۆخەی ئێستا لە کەرکووک ھەیە ناکرێ بەردەوام بێت

13/07/2019


شاخ پرێس: 


سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی لەسەر کێشەکانی کەرکوک بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت "پێویستە کێشەکانی کەرکووک بە پارێزگاریشەوە سەرەتا لە نێوان ھەولێر و بەغدا یەکلایی بکرێتەوە و چارەسەر بکرێت"


دەقی پەیامەکەی بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان

کێشەی کەرکووک تەنیا گرفتی سیاسیی نێوان دوو حزب یان ململانێی سیاسیی نێوان چەند لایەن نییە، لە ڕاستیدا کێشەی کەرکووک بابەتێکی مێژوویی و سیاسی و کۆنە لە ھەمانکاتیشدا فرەڕەھەند و گەوەریە.

بەھۆی ئەو بارودۆخە نائاساییەی بەسەر کەرکووکدا ھاتووە و، لەبەر پێویستیی ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەمنی و ئیداریی شارەکە و خزمەتکردنی خەڵکی کەرکووک و ھەروەھا چارەسەرکردنی کۆی کێشەکان، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە ڕێککەوتن و ھاوڕایی لایەنە کوردییەکان، ھەنگاوێکی گرنگە بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا پێویستە کێشەکانی کەرکووک بە پارێزگاریشەوە سەرەتا لە نێوان ھەولێر و بەغدا یەکلایی بکرێتەوە و چارەسەر بکرێت، ھەر ئەنجامێکیش کە ھەبێت دەبێ جێگەی ڕەزامەندیی ھەموو پێکھاتەکانی کەرکووک بێت.

ئێستا کەشێکی ئیجابی لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا ھاتووەتە ئاراوە و ئەوەیش دەرفەتێکی زۆر باشە کە بە سوودوەرگرتن لەو کەشە ئیجابییە گرفتە ئەمنی و ئیدارییەکانی کەرکووکیش چارەسەر ببێت و لە چوارچێوەی دەستووردا کەرکووک بگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی. چونکە ئەو بارودۆخەی ئێستا لە کەرکووک ھەیە ناکرێ بەردەوام بێت.

ئێمە ئێستا و پێشتریش ڕامان وا بووە کە ھیچ مساوەمەیەک لەسەر کوردستانیبوونی ناسنامەی کەرکووک ناکەین و دەبێ کەرکووک ببێتە نموونەی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و ھەموو پێکھاتەکان بتوانن بە ئاشتی و برایەتی و تەبایی لە کەرکووکدا لەگەڵ یەکتر بژیین.

مسعود بارزانی
١٣ـی ٧ـی ٢٠١٩

ژمارەی خوێندراو : 209 جار

هەواڵی زیاتر