ڕوون میدیا
ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا، دەستگیرکردنی تاوانبارێکی ڕاگەیاند کە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٨ هاوڵاتییەکی کوشتووە و بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵاتووە .
لە ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە "رۆژی ٩ / ٤ / ٢٠١٨ ھاوڵاتی (جەزا ئەحمەد سەعید ) لەلایەن تاوانبار ( ئیدریس ئیبراھیم صابر كەریم ) لەبەردەم تەلاری سالم لە شەقامی سالم لە شارى سليمانى بەچەکی جۆری دەمانچە دەکوژرێت و پاش ئەنجامدانی تاوانەکە لەدەست ھێزە ئەمنییەکان ھەڵدێت بۆ وڵاتی تورکیا"
ئاسایشی سلێمانی ڕاشیدەگەیەنێت "سەرەڕای خۆبەدەستەوەنەدانی و ھەڵھاتنی لە یاسا و پەند وەرنەگرتنی لە تاوانەکەی، بە مەرامی ئەنجامدانی تاوانێکی تری کوشتن بە پاسپۆرتێکی ساختەی عیراقی خۆی دەگەیەنێتە کۆماری ئیسلامی ئێران و رۆژی ١٣ / ١٠ / ٢٠٢٢ بە قاچاغ دەگەڕێتەوە سلێمانی و پیلان دادەنێت بۆ کوشتنی ھاوڵاتی ( ب ، ئ )"
ئاشکراشیکردووە "پاش دەستکەوتنی زانیاری لەسەر ئەم کەیسە ھێزەکانمان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد، پاش ڕەزامەندی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش بە بڕیاری بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای سلێمانی تاوانبار خرایە ژێر
چاودێری و لە رۆژی ١٤ / ١٠ /٢٠٢٢ لەگەڵ چەند تۆمەتبارێکی تر دەچێتە بەردەم دوکانی کەسی مەبەستی بۆ ئەنجامدانی تاوانەکەی بەڵام لەلایەن ھێزەکانمانەوە دەستگیرکرا"
ئاماژەیبەوەشکردووە "سەرەڕای ئەوەی روبەڕووی تیمەکەی ئاسایش بوووە، سەرئەنجام قۆڵبەستکراو لەگەڵ تۆمەتبارانی تری پەیوەست بەم ڕووداوە رادەستی یاسا کرا تا ئەم کەیسە ڕێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت"
ژمارەی خوێندراو : 320 جار