تۆری میدیایی (ئێن بی سی) وردەکارییەکانی پەیوەندییەکی
تەلەفۆنی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی قەوارە كاتییەكە سەبارەت بە سیاسەتی برسیكردن لە
غەززە ئاشکرا کرد.
ئەو میدیایە بە پشت بەستن بەوزانیاریانەی لە
کاربەدەستانی ئەمەریکا وەریگرتوە ڕایگەیاند کە دوای ئەوەی ترەمپ برسێتییەکی ڕاستەقینەی
لە غەززە ڕاگەیاند. نەتانیاهۆ بە نهێنی داوای پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ترەمپ کردووە
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، نەتانیاهۆ ترەمپی
ئاگادارکردووەتەوە کە برسێتی ڕاستەقینە لە غەززە نییە، دەنگۆی ئەم برسێتییە لەلایەن
حەماسەوە ڕێکخرابوو.
بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەو میدیایە كە
لە بەرپرسانی ئەمەریكیەوە وەریگرتوە، ترەمپ قسەکانی ناتانیاهۆی پچڕاندووە و هاواری
كردوە كە نایەوێت ببیستێت کە ئەو برسێتییەی لە غەززە هەیە ساختەیە، هەروەها یاریدەدەرەکانی
بەڵگەیان نیشانداوە کە منداڵانی غەززە لە برسێتیدا دەمرن.
کەناڵی (ئێن بی سی) لە زاری کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی
کۆشکی سپییەوە بڵاویکردەوە، لە وەڵامی ئەم زانیارییەدا، هیچ لێدوانێک لەسەر گفتوگۆ
تایبەتەکانی سەرۆک کۆمار نادات، هەروەها ترەمپ سەرنجی لەسەر گەڕاندنەوەی سەرجەم دەستگیرکراوەکانی
ئیسرائیلە لە غەززە و دابینکردنی خۆراک بۆ دانیشتوانی کەرتی غەززە.
یەکشەممەی ڕابردوو ترەمپ داوای لە ئیسرائیل کرد
"خۆراک بە خەڵکی غەززە بدات"، ڕایگەیاندبوو وڵاتەکەی نایەوێت خەڵکی کەرتی
غەززە برسێتی بمرن و لەوێش شتی خراپ ڕوودەدات.
بەپێی ئاماری نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ
هەماهەنگی کاروباری مرۆیی (OCHA)،
96%ی ماڵەکانی غەززە ڕووبەڕووی نائەمنی ئاو دەبنەوە، 90%ی دانیشتووانی غەززە دەستیان
بە ئاوی خواردنەوە نییە، هەروەها 3 لە کۆی 4 غەززی ڕووبەڕووی سەختی دەستڕاگەیشتن بە
ئاودەست دەبنەوە.
ئامارەکان ئاشکرای دەکەن، کۆی گشتی قوربانیانی
برسێتی و بەدخۆراکی بۆ ١٩٧ کەس بەرزبووەتەوە کە ٩٦یان منداڵن. ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆمەڵگەی
پزیشکی ناسر لە خان یونس (باشوور) گیانلەدەستدانی دوو منداڵی بەهۆی بەدخۆراکییەوە ڕاگەیاند.
ئیسرائیل بە پشتیوانی ئەمریکا لە ٧ی تشرینی یەکەمی
٢٠٢٣ەوە کۆمەڵکوژی لە کەرتی غەززە ئەنجام دەدات و زیاتر لە ١٧٥ هەزار فەلەستینی
کوژراون یان بریندار بوون کە زۆربەیان منداڵ و ژنن و زیاتر لە ١١ هەزار کەسیش بێسەروشوێنن،
ئەمە جگە لەوەی سەدان هەزار کەسیش ئاوارە بوون.
ژمارەی خوێندراو : 98 جار