وەزارەتی بەرگریی توركیا لەبارەی بۆردومانەكانەوە ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

21/11/2022

وەزارەتی بەرگریی توركیا لەبارەی بۆردومانەكانەوە ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە
ڕوون میدیا
وەزارەتی بەرگریی توركیا ڕاگەیەندراوێكی سەبارەت بە بۆردومانی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە و پەیەدە لە هەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان بڵاوكردەوە .
بۆردومان و ئۆپەراسیۆنەكان لەژێر ناوی (چنگی شمشێر) بەڕێوەدەچێت .
ئەمانەی خوارەوە بەشێكن لە زانیارییەكانی ناو ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی بەرگریی توركیا:
89 پێگەی (پەكەكە و پەیەدە) بۆردومان كراون و بەتەواوی خاپور بوون .
ژمارەیەك چەكدار كوژراون كە لەنێوانیاندا سەركردەی پەكەكەی تێدا بووە .
چنگی شمشێر ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانییە و لەچوارچێوەی ستراتیژیەتی وشككردنی سەرچاوەكانی تیرۆردایە .
ئامانج لەم ئۆپەراسیۆنە، پاراستنی ئاسایشی سنورەكانی توركیا و ڕێگرتنە لە هێرشی (تیرۆریستی) كە لە سوریا و عێراقەوە دەكرێنە سەر گەل و ئاسایشی توركیا .
پرۆسەی (چنگی شمشێر) دژی ئەو شوێنانەی كە (تیرۆریستان) بەكاریدەهێنن بۆ ئەنجامدانی هێرشەكانیان دژی توركیا، سەركەوتنی بەدەستهێنا .
پێگەی (تیرۆریستان) لە شاخەكانی (قەندیل و ئاسۆس و خواكوڕك) لە باكوری عێراق (هەرێمی كوردستان) و (كۆبانی – عەین عەرەب – و تەل ڕەفعەت و مالیكیە و جەزیرە) لە باكوری سوریا (ڕۆژئاوای كوردستان) كراونەتە ئامانج .
لەنێو ئەو پێگە و شوێنانەی بۆردومان كراون، پەناگە و خەندەق و كۆگای خۆراك و بارەگا و سەربازگەی ڕاهێنانی سەربازیی هەیە .
سەرجەم فڕۆكە شەڕكەرەكان، تەقەمەنی دروستكراوی توركیایان بەكارهێناوە و بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە بنكەكانی خۆیان .
سوپای توركیا بەهەموو توانای خۆیەوە بەردەوامدەبێت لە پرۆسەكانی تا لەناوبردنی كۆتا (تیرۆریست) كە دەبێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی توركیا و گەلەكەی .

ژمارەی خوێندراو : 75 جار

هەواڵی زیاتر