كار دەكریت بۆ كردنەوەی زانكۆی پزیشكی سلیمانی

3 رۆژ پێش ئێستا

لەسەر داواى د. ئارام محمد قادر، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى، بڕیاریدا بە؛

- ئامادەکردنى پرۆپۆزەلى کردنەوەى زانکۆیەکى تایبەت بە بوارى پزیشکى لە سلێمانى
- ئامادەکردنى پرۆپۆزەلى کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى لە زانکۆى سەڵاحەدین- هەولێر
- ئامادەکردنى رەشنوسێک بۆ پرسى سەربەخۆى زانستى، دارایى، یاسایی زانکۆکانى کوردستان 

لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کە ئەمڕۆ دوشەممە ڕێکەوتى (2024/11/18) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆ حکومییەکان بەڕێوەچوو، پرسى سەربەخۆى زانکۆکان، داهاتى زانکۆکان، کردنەوەى راوندێکى نوێى خوێندنى باڵا، بەردەوامى داشکانى کرێى خوێندن، تاقیکردنەوەى توانستى زانستى خوێندکاران و قوتابیانى خوێندنى باڵا، بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى و چەند تەوەرێکى دیکە گفتوگۆى لەبارەوە کرا.

لە دەستپێکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وەک سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت ئاماژەى بە پرۆسەى وەرگرتنى دەرچوانى دوانزەى ئامادەیی ئەمساڵ کرد لە زانکۆکانى کوردستان کردو ڕایگەیاند؛ خۆشبەختانە ئەمساڵیش بە پشتیوانى زانکۆکان توانیمان سەرجەم دەرچوانى دوانزەى ئامادەیی بەپێى کۆنمرەکانیان لە کۆلێژو بەشەکانى زانکۆکانى کوردستان دەرفەتى خوێندنیان بۆ بڕەخسێنین، لەبارەى پرسى داشکانى بەردەوامى کرێى خوێندنیش بۆ خوێندنى (پارالێل و ئێوارن) سوپاسى زانکۆکانى کردو ئاماژەى بۆ ئەوە کرد؛ رەچاوکردنى بارى دارایی خانەوادەى خوێندکاران/ قوتابیان خەمى گەورەى ئێمەو وەزارەتەکەمان بوە بۆیە هەر لەو چێوارچێوەیەدا ماوەى پێنج ساڵە بڕیارى داشکانى (٤٥%)ى کرێى خوێندن بەردەوامى هەیە بە ئەمساڵیشەوە. هەر لە کۆبونەوەکەدا ئەم بڕیارانەى دەرکران:

١/ لەسەر پێشنیازى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و پێشوازى ئەندامانى ئەنجومەن لە پێشنیازەکە، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا بە؛

یەکەم: ڕاسپاردنى لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئامادەکردنى پرۆپۆزەلى کردنەوەى زانکۆیەکى تایبەتمەند بە بوارى پزیشکى لە شارى سلێمانى. بەهۆى پێویستى زۆرى ناوچەکەو هەرێمى کوردستان بە کادرى تەندروستى و پزیشکى لێهاتو بە کواڵتى بەرزى خوێندن.

دوەم: ئامادەکردنى پرۆپۆزەڵى کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى لە زانکۆى سەڵاحەدین - هەولێر.

٢/ لەسەر پێشنیازى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەبارەت بە سەربەخۆیى زانکۆکانى کوردستان، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا بە؛ پێکهێنانى لێژنەیەک بەمەبەستى ئامادەکردن و نوسینەوەى پرۆژەى ڕەشنوسى سەربەخۆىى زانستى و کارگێرى و دارایی و یاسایی زانکۆکانى کوردستان، بەو ئامانجەى زانکۆکانى کوردستان لە چوارچێوەى ئەم پرۆژەیەدا دەرفەتى زیاترى گەشەسەندن و پەرەپێدانى تواناکانیان هەبێت لە گشت بوارەکاندا.

٣/ سەبارەت بە کردنەوەى راوندێکى نوێى خوێندنى باڵا (ماستەر، دکتۆرا) لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان، زانکۆکانى کوردستان ڕاسپێردران ساڵانە بەپێى خشتەو کاتى دیاریکراو خوێندنى باڵا (ماستەر، دکتۆرا) لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بەپێى پێویست بکرێتەوە، سەبارەت بە ڕاوندى داهاتوش بۆ ئەو زانکۆییانەى ستافى زانستیان هەیەو مەبەستیانە راوندێکى دیکەى خوێندنى باڵا بکەنەوە، بەڵام تاکو ئێستا پلانیان نەناردوە، پێویستە لە نزیکترین کاتدا پلانەکانیان بۆ وەزارەت و لێژنەى ئامادەکردنى ڕێنماییەکانى خوێندنى باڵا بەرزبکەنەوە، بەمەبەستى کارکردن لەسەر پلانەکان بۆ کردنەوەى راوندى نوێى خوێندنى باڵا. 

٤/ تایبەت بە پرسى تاقیکردنەوەکانى توانستى زمانى ئینگلیزى خوێندکارانى خوێندنى باڵا ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا بە؛ خوێندکاران/ قوتابیانى خوێندنى ماستەرو دکتۆرا لەسەرجەم بەشەکانى کۆلێژەکان لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان ڕێگەیان پێدەدرێت بەبێ مەرجى توانستى زمانى ئینگلیزى تاوتوێى ماستەرنامەو تێزى دکتۆرا ئەنجام بدەن، بەڵام لەلایەن زانکۆکان بڕوانامەیان پێ نابەخشرێت تاکو مەرجى توانستى زمانى ئینگلیزى بەپێى ڕێنماییەکانى پەیوەندیدار دەستەبەر دەکەن.

٥/ لەبارەى خوێندنى دکتۆرا بە شێوەى سبلیت سایت، ئەنجومەنى وەزارەت زانکۆکانى کوردستانى ڕاسپارد بۆ ئامادەکردنى پێوەرو میکانیزمە داراییەکانى ئەم سیستمى خوێندنە، بۆ ئەم مەبەستەش لێژنەیەک پێک دەهێنرێت بۆ دیراسەکردنى لایەنى دارایی راوندى یەکەمى سبلیت سایت.

٦/ سەبارەت بە پرسى دارایی زانکۆکان، دواى ئەوەى لەلایەن بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایی لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پرسى دارایی و داهات و شێوازى خەرجکردنى داهات لە زانکۆکان بە داتاو ئامار بۆ ئەنجومەنى وەزارەت خرایەڕوو، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا؛ بۆ ئەم بابەتە لە پەیوەندى دا بێت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان.

ژمارەی خوێندراو : 28 جار

هەواڵی زیاتر