ئاسۆ کەمال بەرێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی رایگەیاند، سبەی دووشەممە ئاسمانی ناوچەکانی هەرێم هەور یاخود نیمچە هەور دەبێت و پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە و بەرزترین پلەی گەرما لە پارێزگای سلێمانی ١٦ پلە دەبێت و نزمترین پلەش ٨ پلەیە.
ئەوەشی ئاشکراکرد، لە ماوەی داهاتوودا بەهۆی نزمە پاڵەپەستۆی گەرمی دەریای سوور برێکی زۆر شێی ئەو دەریایە دەگاتە ناوچەکانی هەرێم و دەورەبەری، بەهۆی ئەمەشەوە پێشبینی هاتنی شەپۆلێکی دیکەی باران بارین لە هەرێم دەکرێت و ئەگەری هەیە لە رۆژەکانی چوارشەممە و پێجشەممە بارانی بە لێزمە لە ناوچەکانی هەرێم ببارێت، بەڵام دەشکرێت گۆڕان بەسەر بەهێزی و لاوازی بارانبارینەکەدا رووبدات.
بەرێوەبەری کەشناسی سلێمانی وتیشی " لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی کۆی گشتی بارانبارینی ئەمساڵ ٩٣.٧ ملیمەتر بووە و کاریگەری ئەم شەپۆلی بارانبارینە بۆ ماوەی دوو رۆژی داهاتوو لاواز دەبێت و پێشبینی دەکرێت لە رۆژی چوارشـەممە شەپۆلێکی دیکەی باران بارین روو لە هەرێم بکات.
دوێنێش، کەشناسی عێراق رایگەیاند، لە رۆژی سێشەمەوە شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین روو لە ناوچەکانی هەرێم دەکات و لە بەشی رۆژئاوای هەرێم بارانی بە لێزمە دەبارێت و لە رۆژی چوارشـەمەش کەشەهەوا باراناوی دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بارانی بە لێزمە دەبارێت و پلەکانی گەرما بەرەوە دابەزین دەڕۆن.
ژمارەی خوێندراو : 457 جار