کۆمەڵ: خەڵک لە قسەی بێکردار و ژاوە ژاوی سەر شاشەکان و چاوچنۆکی بەرپرسان بێزار و ھەراسانە

15/07/2019

شاخ پرێس: 

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت "لە دیدی ئێمەوە حکومەت بە تەنھا موڵکی ئەو ھێزە سیاسییانە نیە کە پێکھێنەرین، بەڵکو حوکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی دادپەروەرانە خەم و ئامانج و پرۆژەی ئێمەمانانە و ھیچ کەس لە ھەرێمی کوردستان ھێندەی ئێمە چەوساوەی دەستی ستەم و چەوساندنەوە نیە".

عەبدولستار مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ ئاماژەیبەوەشکردووە "ئەوەندەشی لەگەڵ تەونی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی خۆمان تێکەڵین و لەگەڵ خەم و ئازارەکانیاندا دەژین، تێدەگەین لەوەی کە خەڵک لە قسەی بێکردار و ژاوە ژاوی سەر شاشەکان و ناکۆکی ھێزە سیاسییەکان و چاوچنۆکی بەرپرسان و بێباکی حکومەت بێزار و ھەراسانن و، قسە و ھەڵوێستی ئێمەش وەک ھێزێکی ئۆپۆزسیۆنی کارا، ھەمان خەم و خولیا و ئاواتی خەڵکی کوردستانە"

ئاماژەبەوەشکردووە "دەمانتوانی (وەک نمایش !) بێین و زەڕبی ڕاست و چەپ بەسەر بەرنامە و ھێڵە گشتییەکانی کابینەی نۆیەمدا بھێنین و ھەموو شتێک ھەر بە ڕەش ببینین، ئەوە لە ئەخلاقی سیاسیی ئێمەدا ڕەنگە جێی نەبێتەوە و لە ئینسافی سیاسیی ئیسلامخوازیی خۆماندا مەبدەئی (بە چاک وتن چاک و بە خراپیش وتن خراپ) بووەتە کلتور و قەناعەتێکی جێگیر و ئەوەشی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانی ناسیبێت و لە ئەدای نوێنەرەکانی ڕوانیبێت لە حکومەت و لە ئۆپۆزسیۆنیشدا ھەر بەو ڕاستییە دەگات" 

بەوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان "لەو ھەموو ناعەدالەتی و گەندەڵیی و بێباکییەی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ھەرێمی کوردستان کردویانە و کابینەی نۆیەم و سەرۆک و جێگرەکەی و وەزیرە بەڕێزەکانی بتوانن ڕاستگۆ بن لەگەڵ بەڵێن و بەوەفا بن بەرامبەر ئەو سوێندەی لەبەردەم پەرلەماندا خواردیان و خۆیان وتەنی (قسەی کەم و کرداری زۆر) یان ھەبێت، ئێمە دەستخۆشییان لێدەکەین"

تەئکیدیشدەکاتەوە "ئێمە لە پێشتریشدا وتوومانە، لە حکومەت ببین یان نەبین، دەسەڵاتێکی دادپەروەر و خزمەتگوزار بە زامنی دەستەبەری ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئۆقرەیی سیاسیی دەزانین"

بۆ خوێندنەوەی تەواوی وتارەکەی سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ کلیک لێرە بکە 

ژمارەی خوێندراو : 428 جار

هەواڵی زیاتر