كۆڵانێکی تەنگ و لێژ، داستانی بیری فراوان و خوڕی کاک (ناسری سوبحانی) لەگەرویدا هەڵگرتووە. کۆڵانێک لەگەڵ یەکەم چرکەی بینینیا وەک دارسێوێکی گەییو بشەکێنیتەوە هەزاران سێوەلاسورەی باس و بابەتی زانستی بەمێشکدا دەکەونە سەر ئەرزی ڕامان و فکرین.
کۆڵانێک زووزوو خەیاڵت دەفڕێنێ ئاسمان و زەمینە دوورەکانت پێ تەی دەکات، کۆڵانێک وەک بتباتەوە سەر ڕووباری ڕەوانی بیری ئیسلامی، بتباو بتکێشی بە قەڵبەزەی بابەتە کەلامی و فیکری و فەلسەفی و ئیمانی و فیقهییەکاندا.. رووبارێک وەک بتفڕێنێ و بتبا بەسەر زەوینی ئاوەشتەی عیرفان و تەوەسەوفی ئیسلامیدا.
کۆڵانێک وەک بتخاتە داوی ڕووبارێکی تیژڕە و بتبا بە ماجەرای عەقڵ و خودخودەی گومان و لە گۆمی یەقیندا ونت بکات و لەوسەرەوە تەڕوتڵیس کەسێکی تر و وجودێکی تر و مرۆڤێکی تر بێتەدەرەوە. بەڵێ کۆڵانێکی دڵخۆش لە ئاوایی (دوریسان)ی نزیک پاوەی بەدەماخ و دڵگیر، ماڵی سوبحانی داوە لەیەخەی خۆی و رێک دەکەوێتە ئەو شوێنەی کەدڵی دووریسان بێنازبێناز لێدەدا.
کە لەسەر جادە گشتییەکە ماشێنەکەمان ڕاگرت و ڕووبەڕووی ئەو کۆڵانە تەنگ و لێژە بووینەوە وەک بەرەو باخی عەدەن بڕۆیت، دەروونت دەکرێتەوە. وەک ئەوەی کەمێکی تر تەوقە لەگەڵ (ئیقباڵی لاهوری و مالک بن نەبی و محەمەد عەبدە و فاروقی...)دا بکەی وەک ئەوەی کەمێکی تر بکەویتە نێو دەریای مەنگی بیر و ڕامان و فکرینەوە، هەنگاوەکانت جۆرێکی تر هەڵتدەگرن و هەناسەکان جۆرێکی تر و چاوەکانت جۆریکی تر دەبینن، لەوێڕا ڕووبەڕوی دەرگایەک دەوەستی، (دەرگایەك وەک دەرگای هەموو گوندە بێنازەکانی کوردستان) بەڵام دیسان بیرت پڕتەو بێ ئەوەی خۆت بتەوێ لەبۆتەی خەیاڵانی خۆت دەترازێ و دەگەڕێتەوە بۆ ئەوکاتانەی سوبحانی لەم دەرگایەوە دەردەکەوت و بەمێشکی قاڵی بابەتە زانستییەکانەوە دەچووە مزگەوت و لەگەڵ یارانی یاوەرا دەچوونە حزووری خودا و هەموو شتێکیان دەسپارد بە فەرامۆشی.
تەق.. تەق..تەق... لە کۆنە درەگای ماڵە کۆنەکە دەدەیت و خانمێک دەرگاکەت بۆ دەکاتەوە، یەکپارچە حومەت و حەیا، لەژێر پۆشاکێکی سپی ئاراما فەرمووت لێدەکات بۆ سەرەوە دەبێ بەو قادرمە ئاسنینانەدا سەرکەوی. ئەو باش دەزانێ میوانان و عاشقانی سوبحانی کە رێیان دەکەوێتە ئەوێ تاسەی بینینی ژوورەکەی ئەویان هەیە، دەیانەوێ دەست لەکتێبەکانی بدەن و چاویان بەناونیشانەکان بشۆنەوە. دەیانەوێ بچنە سەر ئەو کانییەی کە سەرچاوەی ئاوی ڕەوانی بیر و بیرکردنەوەی عیرفانی ئیسلامی بوو.
بەچەند قادرمەیەکدا دەچیتە سەرەوە دەگەیتە بەردەم ئەو دوو ژوور و هەیوانەی کە هەرچی ماڵه گوندی هەورامانە بەنێو ئەو جۆرە نەخشەیەدا دەچوونەوە سەر ئارامی و ئاسوودەیی، لەگەڵ ئەو نەخشەیەدا خانەوادە هەورامییەکان دەچوونەوە سەر ئۆتاقی خۆشەویستی و ڕێز و ژیان. خانم دەرگای ژووری کتیبخانەکەی کاک ناسر دەخاتە سەرپشت و خۆی دێتە دەرەوە. بۆنێک بەرووتا دێ، بۆنی لاپەری کتێبان، بەرامەی بزووتن و نەوەستان، بەرامەی نوێکردنەوە و قوڵبوونەوە و هەڵێنجان، خوایەگیان ئەمە بۆنی چ سەدە و سەرزەمینێکە، ئەمە بۆنی چ دەروون و ئەوینێکە. خوایە ئەمە ژوورە یان تونێلی گەیشتن بە جوانی. ئەمە ژوورە یان رێگای گەیشتن بە یارانی گیانی. چەند هەنگاوێک بەرلەوەی بچیتە ژووری کتێبخانەکەوە، بۆنێک دوووور دەتبا. دەتباتەوە سەروەختی ژیانی ئازیز. وەک ئەوەی ئازیز ببینی وا بەژێر سێبەری دارخورمایەکدا دەڕواو بیر لەهەژاران دەکاتەوە. بەرامەیەک دێ و دەتبا، دەتخاتە ئەستێرکی باخەکەی ئەبووزەر، باخە پڕ گلەییەکەی هەم سەوزو و هەم تەڕتەڕ..
بۆنێک دێ وەک چەپکێ ڕێحانە دەستانت دەگرێت و دەتباتەوە سەروەختی ئێوارەی لای "بەدر" سنەوبەرێ دەبینی، باڵا سەوز، ڕەشتاڵە، لە چاویا هەزاران چۆلەكەی ئەشكەنجە ئەبینی، بە دەستی "ئومەییە" باڵبەسراو، لە چاویا هەزاران چۆلەكە دەبینی دەمیان پڕ، لە جریوەی "ئەحەدون...ئەحەدون" وەختێ كە سنەوبەری ڕەشتاڵە دەچێتە بەرزایی و بانگ ئەدا، لە دەنگ و ئاوازیا چۆلەكە و ئازادی دێنە دەر، لە دەنگ و ئاوازیا بوخورد و سنەوبەر دێنە دەر، لە دەنگیا فڕین دێ دەداتە دەشت و دەر.
چەند چركە بەرلەوەی بچیتە ژوورەوە بەرامەی كتێبان یادگاریت دەفڕێنێ دەتباتەوە لای "عەلی" لای كەماڵ، درەختی شۆخ و شەنگ، شۆرەبی ڕواوی سەر بەرماڵ، جا لە ژێر سێبەری سەوزیا ڕائەكشێی، تۆ سەبری سەرنجت ئەپچڕێ ئەو هەروا بە پێوە، لەبەردەم، جوانیی خوادا ڕواوە، بێ جوڵە، مەگەر جارجارە، با. شۆڕەبی سەربەرماڵ بهێنێ تە سەما.
بێ ئۆقرە لەبەردەم ئاگری جوانیی "عەلی"دا وەستاوی، چاوەڕێی شۆڕەبی بێتەوە و داستانی "خەیبەر"ت بۆ بگێڕێتەوە، لەولاوە دەنگێك وەك دەنگی "تار" دەبیسی
لەولاوە دەبینی "زولفەقار" دەمی وەك: دەمی پاییزە هەنارە و پێت دەڵێ:
غەریبە چاوەڕێی چی دەكەی.. غەریبە؟
شۆڕەبی نوێژی ئەبەدی ڕواوە... چاوەڕێی چی دەكەی؟.
خەیاڵت دەپچڕێ و دێیتەوە، یەک هەنگاو.. دوو هەنگاو.. سێ هەنگاو.. وای لەنێو ژوورێکی سادەدا.. یەک کورسی و یەک مێزو قاڵییەک بەتەنیا، بەڵام چی؟ هەزاران رامان و فکرین و دەریایەک شەپۆلی سەرکەش و گەوهەری وتن و مرواری ئیجتیهاد. ژوورێک و کاروانێک ناونیشان، ژوورێک و باخێک لە سەوزایی پەرستش.. ژوورێک و تاچاوت بڕدەکا شاڕێگەی گەڕان و گومان و پشکنین. ژوورێک و ئاسمان و سەرزەمین پێکەوە.
كە دەست بەسەر ڕووپەڕی ئەو کتێبانەدا دێنی هەست بە ماجەرای بیری سەرکەش و نائارامی سوبحانی دەکەی، بیری تەرە و ڕامنەکراوی گەنجێک کە لەسەرەتای بەرهەم و پێشکەشکردندایە. مێزێک لەوێیە دەفتەرێک و قەڵەمێک کە تا ئێستەش دوای خۆی کەس نەیتوانی تاسەی تیانووسین و پێنووسینیان بشکینێت.
رهوشت موحهمهد
ژمارەی خوێندراو : 348 جار