شاخ
د. عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەکێتیی جیھانی زانایانی موسڵمان ڕایدەگەیەنێت، "دۆخی جیھانی ئیسلامی لە رووی سیاسییەوە تاریک و ناخۆشە و سەرکەوتوو نییە"، هەروەها ئاماژە بە هەڵوێستی باشی چەند وڵاتێک دەکات و دەڵێت "سوپاس بۆ خودا چەند وڵاتێک ھەن کە ھەڵوێستی باشیان ھەیە و ھەڵوێستەکانیان جێگای شانازین لەوانەش تورکیا و قەتەر و ئوردن و مەغریب."
قەرەداغی لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵ ڕایگەیاندووە "دۆخی جیھانی ئیسلامی لە رووی سیاسییەوە تاریک و ناخۆشە و سەرکەوتوو نییە لەگەڵ بنەماکانی ئایینی ئیسلام و عورف و عادات و تەقالیدی جیھانی عەرەبی و ئیسلامی، ئەمەش بۆ ھەموو وڵاتانی ئیسلامی نییە و زۆربەی وڵاتانی عەرەبی دەگرێتەوە، ھەروەھا لە رووی جەماوەرییەوە گەلانی ئەو وڵاتانە لە قۆناغێکدان کە بەرەو پێشکەوتن ھەنگاو دەنێن، موسڵمانان رابوون و ھۆشیارییەکی زۆریان تێدایە و گەیشتونەتە پلەیەک کە دەبێت ئیسڵاحی نیزامی سیاسی بکات، موسڵمانان رووبەڕووی نائومێدی نەبوونەتەوە سەرەڕای ئەو ھەموو کێشەیەی تووشیان کردوون و ئەو گورزە بەھێزەی کە لە رابوونی ئیسلامی درا لە میسر و لە سووریا و شوێنەکانی تر، بەڵام موسڵمانان نائومێد نەبوون و کۆڵیان نەداوە".
ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا وتویەتی "بەھاری عەرەبی نەمردووە و زیندووە، وەک لە جەزائر لەم ماوەیەی رابردوودا روویدا ھەروەھا لە سوودان ئەوەی روویدا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی گەل تا ئێستاش ھێز و توانای خۆی ھەیە و دەتوانێت بە ئاشکرا داواکاری خۆی بکات بۆ گۆڕانکاری بەرەو باشە، ئێمە وەک یەکێتیی زانایانی جیھانی موسڵمان وا دەزانین ئەم قۆناغە قۆناغی لەدایکبوونەوەی گەلە و پشت بەخودا زۆری پێناچێت جیھانی ئیسلامی دەتوانێت ئیسڵاحی نیزامی سیاسی خۆی بکات لە ڕێگەی سیاسی و ھەڵبژاردنەوە یان لە رێگەی ھێز و خۆپیشاندان و شۆڕشی جەماوەرەوە بێت، وا دەزانم کە میسر و شوێنەکانی تریش بە مزووانە زۆری پێناچێت و جیھانی ئیسلامی و شوێنەکانی تریش جارێکی تر ھەڵدەستنەوە و دەتوانن کاری خۆیان بکەن".
قەرەداغی پێیوایە "زۆربەی کێشەکان لە جیھانی عەرەبیدایە نەوەک لە جیھانی ئیسلامی بەگشتی، وەک دەبینین لە زۆر وڵاتی ئیسلامی لەوانەش تورکیا کە دۆخێکی باشتری ھەیە ئەو کێشانەی نییە کە لە جیھانی ئیسلامی ھەیە، ھەروەھا مالیزیا ئەو کێشانەی نییە کە لە جیھانی عەرەبی ھەیە لە رووی نیزامی سیاسی و کۆمەڵایەتییشەوە، ئیندۆنیزیا بەھەمان شێوە کە لەم قۆناغەی دواییدا زیاتر بەرەو پێشکەوتن دەڕوات و رابوونێکی باش ھەیە و ھەڵبژاردن و ئازادییەکی زۆر باش ھەیە، بۆیە ئومێدمان زیاترە لەوەی تووشی نائومێدی ببین".
سەبارەت بە ھەڵوێستی رێکخراوەکەی لەسەر خۆپیشاندان و گۆڕانکارییەکانی سوودان و جەزائر، ئەمینداری رێکخراوەکە وتویەتی "ھەڵوێستی یەکێتیی جیھانی زانایانی موسڵمان ھەڵوێستێکی رون و ئاشکرا و رێکە و ئیزدیواجییەتی تیادا نییە، ئەوەش ئەرکی زانایانە کە راستی بۆ ھەموو جیھان روون بکاتەوە بەبێ ئەوەی لە لۆمەی ھیچ لۆمەکارێک بترسێت، بۆیە ئێمە لەگەڵ جوڵانەوە و شۆڕشی گەلان داین و ئەوەی موسڵمانان دەیانەوێت لە گۆڕانکاری لە نیزامی سیاسی دیکتاتۆری بۆ نیزامێکی شورا یان نیزامێکی دیموکراسی، بۆیە ئێمە لەگەڵ خواستی گەلان دەوەستینەوە و لەگەڵ ئەو گۆڕاکارییانەین، لەکاتێدا جیھانی عەرەبی بۆ حەوت دەیەیە بەدەست ئەو رژێمە دیکتاتۆرییانەوە دەناڵێنێت کە گەورە بوون گومڕا و ستەمکار دەرچوون و گەلەکانیان بەدەست ستەم و کێشە و ھەژارییەوە زۆر دەناڵێنن".
هەروەها وتویەتی "ئەم سیستمە دیکتاتۆریانە ھیچ خێرێکی بۆ جیھانی عەرەبی بەدوای خۆیدا نەھێناوە لە دنیا و رۆژی کۆتاییشدا، ھیچ دەستکەوتێکی خۆشگوزەرانی ئابووری یان دەستکەوت و سەرکەوتنی سەربازی یان پێشکەوتنی زانستی و پەروەردەیی و تەکنەلۆجی بەدەست نەھێناوە، ئەوانە چییانکردووە کە ئەو ھەموو توانا مرۆیی و داراییانەیان لەبەردەستدایە لە میسر یان سعوودیە و ئیمارات یان ھەر شوێنێکی تر، بۆیە ئەو گەلانە مافی خۆیانە داوای ئیسڵاحی نیزامی سیاسی بکەن لەبەر ئەوەی ئیسڵاحی نیزامی سیاسی یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی پێشکەوتن و ھەستانەوەی ھەر گەلێک، دوای ئیسڵاحی نیزامی سیاسییش پێویستە سیستمی پەروەردەش چاک بکرێتەوە، لەبەر ئەوە ئێمە ھەڵوێستمان روون و ئاشکرایە لە پشتیوانی کردنی خۆپیشاندان و شۆڕشی جەماوەری لە جەزائر و سوودان و ھەموو جێگایەک، داواکارین لە خودای گەورە راستی و ھەق سەربخات زاڵمان و ستەمکاران لە جیھانی عەرەبی و ئیسلامی لەناو ببات".
ئەمینداری گشتی یەکێتیی جیھانی زانایانی موسڵمان نیگەرانی رێکخراوەکەی لە بەردەوامی ئاڵۆزی و کوشتن و تاوانەکانی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بەتایبەت ئەوەی ئێستا لە لیبیا روودەدات نیشانداوە و وتویەتی "ئێمە بە بەیاننامەیەک لە بارەی لیبیاوە ھەڵوێستی خۆمان راگەیاند بەوەی دژی ھەڕەشەکانی خەلیفە حەفتەر لە پایتەختی لیبیا کە ئاسایش و ئارامی تیادایە و دەیەوێت ھەڕەشە لە ئاسایشی نزیکەی دوو ملیۆن کەس بکات دەوەستین و ئەوە کارێکی ناڕەوایە، بەپێی رێککەوتنی نێودەوڵەتیش حکوومەتی ویفاق حکوومەتێکی شەرعییە و ئەندامە لە جامیعەی عەرەبی و نەتەوە یەکگرتووەکان و ھەمووان دانیان پێدا ناوە، ئەو کارەی حەفتەر ئەنجامی دەدات لە لایەنی شەرعیشەوە دەچێتە ئەو چوارچێوەیەی ئەوانەی دژی حکوومەتێکی شەرعی دەوەستن و بەپێی عورفی شەرعی پێی دەگوترێت بوغات، بۆیە داوامان کردووە لە کۆمەڵگەی عەرەبی و ئیسلامی و نێودەوڵەتی کە لەگەڵ حکوومەتی ویفاق بوەستن تاوەکو ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتەکەدا ھەبێت و دژی ئەو جوڵانەوە و کارەساتە ببێتەوە کە حەفتەر دەیەوێت دژبە پایتەختێکی ئارام ئەنجامی بدات".
ئەو لەو بارەیەوە زیاتر وتویەتی "ئەوەی ھەیە بەشێکە لە پیلانگێڕییەکی زایۆنی، خاچپەرستی، داگیرکاری کە زایۆنی و خاچپەرستەکان و نازییەکان رۆڵێکی زۆریان تیادا ھەیە، بەداخەوە سیاسەتی ئەمریکاش رۆڵێکی زۆر خراپی ھەیە لەم دۆخانەدا، ئەم پلانگێڕییە زۆر زۆر گەورەیە و ئەم رووداوانەی کە روودەدات ھەمووی پەیوەندی بە ئیسرائیل و زایۆنیستەوە ھەیە کە ئیسرائیل دەوڵەتێکی بچووکە و چۆن بتوانێت بژی لەناو ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ئەگەر ئاژاوە و دووبەرەکی دروست نەکەن وەک خۆیان باسی لێوە دەکەن و بە فەوزای خەلاق ناویان بردووە، وەک دەبینین ئەوە لە سووریا روودەدات و خاپوورکرا بەو شیوەیە، ھەروەھا لە میسر بەو شێوەیەی لێکرا و ئێستا لەگەڵ ئیسرائیل کۆکە و پڕۆژەی زایۆنی جێبەجێ دەکات. لە یەمەنیش ژێرخانی وڵاتەکە و ھەموو شتێک خاپوور کراوە، بەو شێوەیە جیھانی عەرەبی کراوەتە جیھانێکی پڕ لە کێشە و ئاڵۆزی کە سوودمەند لەو دۆخە ئیسرائیل و ھەندێک دەوڵەتی ھەرێمییە کە بەداخەوە ئەوانیش پڕۆژەیان ھەیە و تەواوکەری پڕۆژەکەی ئیسرائیلە".
عەلی قەرەداغی نیگەرانی یەکێتیی جیھانی زانایانی موسڵمانی نیشانداوە لە دۆخی ئێستای جیھانی عەرەبی و ھاوسۆزی و پشتیوانی بەشێک لە سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئیسرائیل و وتویەتی "بەداخێکی زۆرەوە ئێمە زۆر نیگەرانین کە دۆخی عەرەب گەیشتووەتە ئەم ئاستەی ئێستا لە ناکۆکی و دووبەرەکی و رۆچوون، ھەروەھا گەیشتنی حاڵی ھەندێک لە سەرکردەکانی عەرەب بە نۆکەریکردن بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی زایۆنی لە لایەن ئەو سەرکردانەوە دژبە جیھانی عەرەبی و ئیسلامی و وەستانیان دژبە گەلی فەڵەستین و خواست و داواکارییەکانیان، ھەروەھا دژایەتیکردنی ھەندێک دۆزی گەورە لەوانەش دۆزی قودس و فەڵەستین کە ئەمانە دۆزگەلێکن کە نابێت دوو کەس لەسەری ناکۆک بن، بەڵام ئەمڕۆ حاڵی بەشێک لە سەرکردەکانی عەرەب گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە پشتیوانی ئیسرائیل بکەن و لەگەڵی بووەستن لەژێر ناوی رێککەوتن یان پرۆتۆکۆلی سەدە، ھەروەھا پشتیوانی ئەمریکا بکەن یان لانیکەم بێدەنگ بن لەوەی ئەمریکا دەیکات بە پشتیوانیکردنی زیاتری ئیسرائیل و داننان بەوەی قودس پایتەختی دەوڵەتێکی داگیرکارە کە ئەمەش پێچەوانەی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە، ئەم بێدەنگییەی عەرەب و پارەکانیان وای کرد ئەمریکا زیاتر ھان بدات و جۆلان-یش بە بەشێک لە خاکی ئیسرائیل بناسێنێت".
قەرەداغی ئەوەشی وتووە "سوپاس بۆ خودا چەند وڵاتێک ھەن کە ھەڵوێستی باشیان ھەیە و ھەڵوێستەکانیان جێگای شانازین لەوانەش تورکیا و قەتەر و ئوردن و مەغریب و چەند دەوڵەتێکی تریش لەو بوارەدا، ئێمە بەھەموو توانایەکەوە لەگەڵ ئەو راستییە دەوەستین و پێویستە لەسەر جیھانی عەرەبی و ئیسلامی و ھەموو مرۆڤایەتیش کە لەگەڵ ئەو راستییە کۆک و تەبا بن کە بڕیار و راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان دانیان پیادا ناوە".
ژمارەی خوێندراو : 293 جار