ڕاگەیەندراوێک لە مەسعود بارزانییەوە

20/07/2019


شان پرێس:

مەسعود بارزانی پەیامێکی لەبارەی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی ھەولێر بڵاوکردەوە و دەستخۆشی لە ھێزە ئەمنییەکان کرد و رایگەیاند "داوا لە ھەموو لایەک دەکەم کێشەکانی خۆیان نەھێننە ناو کوردستان و نەبنە ھۆی زیانگەیاندن بە خەڵکی کوردستان".

بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "زۆر بە گەرمی دەستخۆشی لە قارەمانەکانی ئاسایش و دژەتیرۆر و سەرجەم دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان دەکەم کە توانییان بە زووترین کات تاوانباران دەستگیربکەن و وەک ھەمیشە سەلماندیان کە جێی متمانە و شانازین".

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی پارتی  

دوای کردەوە تیرۆریستییەکەی رۆژی چوارشەممە ١٧-٧-٢٠١٩، کە لە یەکێک لە رێستورانەکانی ھەولێر روویدا و دیپلۆماتکارێکی تورکیا و دوو ھاووڵاتیی سڤیلی کوردستان بوونە قوربانی، خۆشبەختانە ئەمڕۆ ھێزەکانی ئاسایش و دژە تیرۆری کوردستان توانییان ئەنجامدەری سەرەکیی تاوانەکە و ھاوکارێکیان دەستگیرکرد.

زۆر بە گەرمی دەستخۆشی لە قارەمانەکانی ئاسایش و دژە تیرۆر و سەرجەم دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان دەکەم کە توانییان بە زووترین کات تاوانباران دەستگیربکەن و وەک ھەمیشە سەلماندیان کە جێ متمانە و شانازین.

ھەروەھا سوپاس بۆ ھاووڵاتیانی خۆشەویست کە لەو ماوەیەدا ھاوکار و پشتیوانی ھێزە ئەمنییەکان بوون. خەڵک و دەزگا ئەمنییەکان جارێکی دی سەلماندیان کوردستان ھەرگیز نابێتە پێگەی تیرۆر و ھیچ تاوانبارێکیش لە چاوی خەڵکی دڵسۆزی کوردستان و ھەڵۆکانی دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان ون نابێت. 

ھەر لێرەوە داوا لە ھەموو لایەک دەکەم کێشەکانی خۆیان نەھێننە ناو کوردستان و نەبنە ھۆی زیانگەیاندن بە خەڵکی کوردستان.

مەسعود بارزانی
٢٠-٧-٢٠١٩

 

ژمارەی خوێندراو : 258 جار

هەواڵی زیاتر