هێڕشەکەی جولەکە بۆ سەر فەلەستین ١٢ شەهیدی لێکەوتەوە

09/05/2023

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی دوێنێی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بۆ 12 کەس بەرزبوەتەوە، کە لە نێویاندا منداڵ و سەرکردەکانی لیواکانی قودسی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی تێدایە.

بەرپرسێکی تەندروستی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، لە هێرشە ئاسمانییەکان کە ناوچەکانی نیشتەجێبونیان گرتوەتەوە، لانیکەم 12 کەس کوژراون و 20 کەسی دیکەش برینداربون.

سەرچاوە فەڵەستینییەکان ڕایانگەیاندوە، لە نێو قوربانیانی هێرشەکانی جولەکە بۆ سەر غەززە، شەش کەسی سیڤیل بون کە منداڵیشیان هەبوە، هاوکات فەرماندەیەکی دیاری لیواکانی قودسیش لەنێو کوژراوەکاندا هەیە.

سوپای ئیسرائیل پێشتر ڕایگەیاندبو، سێ سەرکردەی باڵای بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی کردوەتە ئامانج، ئەمەش ئاماژەیە بۆئەوەی کە شوێن و کۆگاکانی سەر بە بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە غەززە کراونەتە ئامانج.

لیواکانی قودس لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستیانکردەوە، ئەو سەرکردانەی کە لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون بریتین لە جیهاد شاکر غەنام، خەلیل سەڵاح بەهتینی، تاریق محەمەد عیزەدینن

لە مانگی کانونی دوەمی ئەمساڵەوە تا ئەمڕۆ، زیاتر لە 90 فەڵەستینی و لانیکەم 19 ئیسرائیلی کوژراون.

گیانلەدەستدانی گیراوێکی فەلەستینی کە هەفتەی ڕابردو لە زیندانێکی ئیسرائیل مانی لە خواردن گرتبو، بوە هۆی ئاڵوگۆڕی تەقە لە سنورەکانی نێوان ئیسرائیل و هێزە فەڵەستینییەکان لە غەززە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک و لە ئەنجامدا فەڵەستینییەک گیانی لەدەستدا.

ژمارەی خوێندراو : 157 جار

هەواڵی زیاتر