لە
سەرەتای ئەم مانگەوە کیلۆیەک مریشکی زیندوو لە نێوان دوو هەزار و 250 دینار بۆ دوو
هەزار و 400 دینار بوو، ئێستا بەرزبووتەوە بۆ زیاتر لە سێ هەزار دینار و پێشبینی
دەکرێ بۆ جەژن زیاتریش بەرزببێتەوە. بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ
دەڵێت، هەناردەکردنی مریشک بەردەوامە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق و هۆکارێکی
سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخیش وەرزی گەرمایە.
فڕۆشیارانی مریشک لە سلێمانی دەڵێن: بەراورد بە 15 رۆژ پێش ئێستا نرخی مریشکی زیندوو
بەرزبووەتەوە، دەشڵێن، کیلۆی نزیکەی دوو هەزار و 300 دینار بوو، بەڵام ئێستا
بووەتە سێ هەزار دینار
ساڵانە لەکاتی جەژنەکاندا نرخی
مریشک بەرز دەبێیتەوە و پێشبینی دەکرێت، ئەمساڵیش نرخەکە بەرزتر بێتەوە.
هاوکات نرخی کیلۆیەک مریشکی
زیندوو لە هەولێر گرانترە لە سلێمانی و لەئێستادا کیلۆی سێ هەزار و 200 دینارە.
لەوبارەیەوە فیراس سدیق،
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند،
بەرزبوونەوەی نرخی مریشکی زیندوو پەیوەندی بە خستنەڕوو و خواستەوە هەیە و وەزارەتی
کشتوکاڵ هیچ بڕیارێکی نەداوە ببێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی مریشک.
ئاماژەی بەوەشدا، بەرهەمی
مریشکی ناوخۆ زیاتر لە ئاستی خۆبژێوی و هەناردەکردنی بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق
بەردەوامە.
فیراس باسی لەوەشکردوە، هۆکارت
بەرزبوونەوەی نرخ وەرزی گەرمایە، بەشێک لە کێڵگەکان بەهۆی قورسی بەخێوکردنی
جووجکەوە لەبەر گەرما مریشک بەرهەم ناهێنن، لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش تێچووی
گەورەکردنی جووجک بە گەرما زیاترە و زۆری مردار دەبێت و بەرهەمیان کەمبووەتەوە و
زیاتر لە هەرێمی کوردستانەوە دەیبەن، ئەوەش هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخە.
ئەمە لەکاتێکدایە هەرێمی
کوردستان ساڵانە پێویستی بە 146 هەزار تۆن گۆشتی مریشكە، بەڵام زیاتر لە 250 هەزار
تۆن گۆشتی مریشک بەرهەم دەهێندرێت و زیاتر لە 100 هەزار تۆنی هەناردەی پارێزگاکانی
عێراق دەکرێت.
ژمارەی پەلەوەرخانەکان لە هەرێمی کوردستان هەزار و
840 پەلەوەرخانەن، لە هەولێر 576، لە سلێمانی 727، لە دهۆک 344، لە هەڵەبجە 35 و
لە گەرمیان 158 پەلەوەرخانە هەن.
ژمارەی خوێندراو : 272 جار