شاخ پرێس نوێترین زانیاریی لەسەر ڕادەستکردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم بە بەغدا بڵاودەکاتەوە

22/07/2019



شاخ پرێس:

ھەریەکە لە حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەدوای سەردانی ھەفتەی ڕابردووی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ عادل عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە ڕێکەوتنی کۆتایی نزیکبوونەتەوە و پەرلەمانتارێکی بەغداش وردەکاریی ھەنگاوەکانی ڕێکەوتنی ھەولێر و بەغدا بڵاودەکاتەوە .

ئەمجەد عەقابی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباح ی زمانحاڵی حکومەتی عێراقی ڕاگەیاندووە "لیژنەیەکی ھاوبەش لەنێوان ھەردوو حکومەتی ھەولێر و بەغدا پێکھێنراوە بۆ دەستپێکردن بە ھەنگاوەکانی ڕادەستکردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی ھەرێمی کوردستان بە حکومەتی ناوەند و کۆمپانیای سۆمۆ" .

بەوتەی عەقابی "لیژنە ھاوبەشەکە لەنێوان ھەریەکە لە وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان پێکھێنراوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو بڕە نەوتەی لە یاسای بودجەدا دیاریکراوە و پێویستە ھەرێمی کوردستان بیداتە کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی" .

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەیبەوەشکردووە "بەرپرسانی ھەرێم بە بەغدایان وتووە تا ئێستا کە نەوت ڕادەستنەکراوە بە ھۆی درەنگ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بووە و لە ئێستاوە ئامادەن نەوتەکە و داھاتەکەشی لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات" .

ژمارەی خوێندراو : 367 جار

هەواڵی زیاتر