عەلمانی و ئیسلامی

09/09/2023

عەلمانیەتی گەندەڵ و كۆنە ئیسلامیی خانەنشین چی كۆیان دەكاتەوە ؟
ئەمە وێنەی گۆڤاری گوڵانی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەمەش دیبەیتێكی ناوخۆیی ئەو حزبەیە كە بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنەكەی بۆ ژمارەیەك كۆنە ئیسلامیی و كادری پارتی سازیكردووە .
لەناو ئەم هۆڵەی كە ئەم كۆنە ئیسلامیی و پارتییانەی تێدا مۆڵدراوە، باس باسی مەترسیی ئیسلامییەكانە، لە دیدی ئەم كۆنە ئیسلامییانەدا "لە هەر شوێنێك ئیسلامیی سیاسیی بوونی هەبێت، چارەنوسی ئەو وڵاتە كاولبوونە" .
كارمان بە وڵاتی دیكە نیە و لێدەگەڕێین بۆ خەڵكەكەی، دێینەوە بۆ ئەو هەرێمەی كە 32 ساڵە دوو هێزی عەلمانیی حوكمڕان و دەسەڵاتدارن تیایدا، بزانین لە سایەی "حكومەت و سەرۆك وەزیرانە خۆڕاگرەكەی" ئەم دیبەیتەوانانەوە بووەتە چ وێرانە و كاولەیەك ؟

ئەمە ئارینی كوڕی مەسرور بارزانیی سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمە، تەمەنی كەمتر لە 20 ساڵە و، خاوەنی گرانبەهاترین ئۆتۆمبێل و ئەسپی فەرەنسی و بەریتانی و عەرەبییە، دەوترێت هێندەی لەناو فڕۆكەیە، ئەوەندە لەسەر زەوی نیە .
ئەمەش ئیدریسی كوڕی نێچیرڤان بارزانیی سەرۆكی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستانە، لە ژمارەی ئۆتۆمبێل و پارەی سەریەك نراو و كۆمپانیا و بانك و ڕێكخراو و زانكۆدا، ڕكابەری ئارینی كوڕە مام دەكات .
ئەم دوو هەرزەكارە خۆشگوزەرانە، بە پیشاندانی بەشێك لە ژیانی شاهانەیان لە سۆشیال میدیا، بە ئازار و میحنەت و بێكاریی و برسێتیی و هەژاری ئەو دەیان هەزار گەنجە ڕادەبوێرن كە لە سایەی حوكمڕانییە پڕ گەندەڵیی و شكستخواردووەكەی باوكیانەوە، دینارێك لە گیرفانیاندا نیە .
ئەمەش مێرمناڵێكی شارۆچكەی قەڵادزەیە، تەمەنی تەنها 14 ساڵە و، تەلبەندی نیشتمانی بچڕاند و خۆی لە زیندانە گەورەكەی باوكی "ئارین و ئیدریس" ڕزگاركردووە و ئێستا لە سنورەكانی یۆنان، لە چاوەڕوانی ڕەحمەتی قاچاخچیەكدایە تا بیگەیەنێتە ئەو وڵاتەی "شازادە نەوتاوییەكانی هەرێم" دەسەڵاتیان بەسەریدا نیە .
ئێرە یەكێكە لە یاریگاكانی هەولێر و سلێمانی، جمەی دێت لە مێرمناڵ و گەنج، سیمای هەر یەكێكیان دەبینی، لێوانلێوە لە ئەدەب و بەرزی ڕەوشت، ئەمانە بۆ وەرگرتنی موچە كۆنەبوونەتەوە، ئاهەنگ و تێكەڵی و ڕەشبەڵەكیش نیە، ئەمە تاقیكردنەوەیە لە فەرموودەكانی پێغەمبەر موحەممەد "درودی خوای لەسەر بێت" .
ڕێكخەر و سەرپەرشتیارانی ئەم پرۆژانە ئیسلامییەكانن، هەر شار و شارۆچكەیەك دەگریت، هەزاران گەنجیان لەخۆیان گرتووە و، لەڕێی بونیادی كەسایەتی و پەروەردەكردنیانەوە، بەر بە داڕوخانی ئەم كۆمەڵگەیە دەگرن، كە لە سایەی دەسەڵاتی عەلمانییەكاندا، ڕۆژبەڕۆژ باڕ و نێرگەلەخانە قومارخانە و سەرەنجامیش زیندانەكان جمەیان دێت لە گەنجی سەرگەردان .
"قەومی لوط" نابوتترین و قێزەونترین بوون لەسەر زەویدا، خودای گەورە پێغەمبەرێكی بۆ ناردن تا واز لە بەدڕەوشتی و لادان بێنن و بگەڕێنەوە سەر فیترەتی پاكی مرۆڤ، پاش چەندین ساڵ هەوڵدان و ماندوبوون و بانگەواز، ئەو گەلە لادەر و بەدڕەوشتە بەیەكتریان دەوت " أَخْرِجُوا آلَ لُوطٍ مِّن قَرْيَتِكُمْ إِنَّهُمْ أُنَاسٌ يَتَطَهَّرُونَ" لوط و هاوەڵەكانی لەم وڵاتە دەربكەن، ئەوانە بۆ ئەوە ناشێن لەناوماندا بژین و دراسێمان بن، ئەمانە دەیانەوێت بە پاكی بژین .
ململانێی حەق و ناحەق، ڕاست و درۆ، ڕەش و سپی، چاكە و خراپە، كوفر و ئیمان، لەگەڵ دروستبوونی مرۆڤایەتی هەبووە و بەردەوامیش دەبێت، ئاساییە بۆ هێزە عەلمانییەكان كە هێز و ڕێكخراو و ڕەوت و فیكری ئیسلامیی تەنانەت مسوڵمانانیش بە مەترسیی بۆسەر بوون و مانەوەی خۆیان بزانن .
دیاردە نامۆ و نائاساییەكەی ئەم دیمەنە، بوونی تاقمێك مەلا و كۆنە ئیسلامیی خانەنشینە كە بە هەمان ئاوازی هێزێكی چەپ و عەلمانیی گەندەڵ دەخوێنن، كە چەند ساڵێك پیشتر خۆیان بە بەدیلی ئەو دەسەڵات و ڕژێمە عەلمانییە زانیوە و ئێستا ئاواز و ئاراستەیان گۆڕیوە و نازانرێت سبەی ئاراستەكەیان ڕوو لە كوێی دیكە دەكات ؟

كێ وڵاتی كاول كردووە ؟! ....

ژمارەی خوێندراو : 78 جار

هەواڵی زیاتر