پەیەدە و ئەنەكەسە دەتوانن لە سوریا یەكڕیز و یەكگرتوو بن ؟

پێش 1 هەفتە

 
یەكەمجار نیە كە ئەم دوو هێزە ناكۆكە "پەیەدە و ئەنەكەسە" كۆببنەوە و ڕێككەوتن واژۆ بكەن، بەڵام دوای ماوەیەك چوونەتەوە سەر هەمان سیاسەتی یەكتر ڕەتكردنەوە و تۆمەتباركردنی یەكتر بە تێكدانی یەكڕیزی كورد لە سوریا .

تا ئێستا سێ جار و بە سەرپەرشتی و نێوەندگیریی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، ڕێككەوتنیان واژۆكردووە، بەڵام هەرسێجارەكە هەڵوەشاوەتەوە .

مانگی حوزەیرانی ساڵی 2012 و ڕێككەوتنێكیان واژۆكرد كە بە ڕێككەوتنی "هەولێر 1" ناونرا، چەند لیژنەیەكی ئەمنی و سیاسییشیان لەنێوان خۆیان پێكهێنا، بەڵام زۆری نەبرد ڕێككەوتنەكە بووە مرەكەبی سەر كاغەز .

لە ساڵی 2013 ڕێككەوتنێكی دیكەیان ئەنجامدا و بڕیاریاندا هەردوولا بە هاوبەشی ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان لە رووی سەربازیی و سیاسیی و كارگێڕییەوە بەڕێوەبەرن، ئەم ڕێككەوتنەش بە "هەولێر2" ناونرا .

بەڵام هێندەی نەبرد، هەڵوەشایەوە، پارتی دەستی لە پشتی ئەنەكەسەدا، میلیشیای ڕۆژی بۆ دروستكردن و پەیەدەش ڕەتیكردەوە جگە لە چەكدارەكانی خۆی، ڕێگە بە هیچ هێزێكی چەكداریی دیكە بدات، پێ بخاتە ناو ڕۆژئاوای كوردستان .

لە 22 ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2014 جارێكی دیكە لە شاری دهۆك كۆبوونەوە و رێككەوتنێكی دیكەیان واژۆكرد، هاوشێوەی هەردوو ڕێككەوتنەكەی دیكە، ئەمەش بووە بەشێك لە مێژوو و هیچكام لە بڕگە و مادەكانی، ڕووناكییان نەبینی و لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ نەكران .

دوای شكستهێنانی مەسعود بارزانیی لە بەیەك گەیاندنی "پەیەدە و ئەنەكەسە"، ئەمجارە ئەمریكی و فەرەنسییەكان كەوتنە نێوانیان و فشار و هەوڵەكانیان، كۆنگرەكەی قامیشلۆی لێكەوتەوە كە 26 ی نیسانی ئەمساڵ بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای پەیەدە و پەكەكە و هەسەدە و ئەنەكەسە بەڕێوەچوو.

بڕگە و مادەكانی كۆنگرەكەی قامیشلۆ، تەواو پێچەوانەیە لەگەڵ ناوەڕۆكی ئەو ڕێككەوتنەی كە 15 ی ئازاری ئەمساڵ لەنێوان ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری سوریا و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات واژۆكرا .

ئەگەرچی كۆنگرەكەی قامیشلۆ لە ئاستی شەقامی كوردیدا پێشوازیی گەرم و بەرفراوانی لێكرا، بەڵام گومانی گەورەش هەیە لەسەر ئاستی جێبەجێكردنی بڕگە و مادەكانی بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندیی بە ڕێككەوتنی پەكەكە و ئەنەكەسەوە لە سوریا.

گرنگترین و گەورەترین خاڵی ناكۆك كە لە داهاتوودا وەك بۆمبێك بە دەرەنجامەكانی ئەم كۆنگرەیەدا دەتەقێتەوە، بوونی میلیشیای رۆژە كە چەكدارەكانی لە ئەنەكەسەیە و پارە و چەكەكەی پارتی و مەسعود بارزانیی دابینیدەكات .

ئەمە هەمان ئەو شتەیە كە لەدوای ساڵی 2011 ـەوە، پەیەدە و ئێستاش هەسەدە بەتوندی ڕەتیدەكاتەوە و ڕێگە بە هیچ پێكهاتە و هێزێكی چەكدار جگە لە خۆی نادات .

ژمارەی خوێندراو : 15 جار

هەواڵی زیاتر