پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێم ناکۆکی خستە ناو گۆڕان و ئەندامێکی خانەی ڕاپەڕاندن دەستیلەکارکێشایەوە

27/07/2019

 

شاخ پرێس:

بەھۆی ناکۆکیی و ململانێ لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ئەندامێکی خانەی ڕاپەڕاندن دەستی لەکارکێشایەوە .

ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پڕکردنەوەی بەرکەوتەی بزوتنەوەکە لە حکومەت و دیاریکردنی کاندیدەکان کۆبووەوە و سەرەنجام ناکۆکی دروست بوو .

بەپێی زانیارییەکانی شاخ پرێس، ناکۆکی و دەمەقاڵی لەنێوان ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن و بەشێک لە جڤاتی نیشتمانیی دروست بووە لەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێم .

شاخ پرێس زانیوێتی کە حەمە تۆفیق ڕەحیم زاوای نەوشیروان مستەفا و ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن بەنیاز بووە کاندید بکرێت بۆ جێگری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بەڵام جڤاتی نیشتمانیی مستەفای سەید قادری کاندید کردووە و ئەوەش بۆتە ھۆی نیگەرانی ناوبراو و ھۆڵی کۆبوونەوەکەی بەجێھێشتووە .

دوابەدوای کاندید کردنی مستەفا سەید قادر بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، حەمە تۆفیق ڕەحیم وازھێنانی خۆی لە خانەی ڕاپەڕاندن ڕاگەیاند و سەرچاوەیەکی باڵای گۆڕانیش تایبەت بۆ شاخ پرێس ئاشکرایکرد "کاک حەمە تۆفیق وازی لە گۆڕانیش ھێنا" 

 مستەفا سەید قادر لە کابینەی ھەشتەمدا وەزیری پێشمەرگە بوو، دوای ئەوەی وەزیرەکانی گۆڕان لە حکومەت دەرکران، ناوبراو لینکی پەیوەندییە ژێربەژێرەکانی گۆڕان و پارتی بووە و، باڵی ناڕازی گۆڕان دەڵێن "ھەموو پەیوەندییەکانی پارتی بە گۆڕانەوە لەلایەن مستەفا سەید قادرەوە بووە و ھەر ئەویش چەندین جار ھاوکاریی دارایی لە پارتی و خودی نێچیرڤان بارزانی بۆ گۆڕان بە نھێنی وەرگرتووە"

 

ژمارەی خوێندراو : 393 جار

هەواڵی زیاتر