ڕێکخراوە جیهانیەکان داوا لە بەرپرسانی پارتی دەکەن دەستبەجێ زوبێر برادۆستی ئازاد بکەن

29/07/2019

 

شاخ پرێس:

کەمێک لەمەوبەر ڕێکخراوی سی پی جەی نێودەڵەتی ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی دەستگیرکردن و شوێنبزرکردنی زوبێر برادۆستی پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز بڵاوکردەوە و تیایدا داوای لەهێزەئەمنییەکانی پارتی کردووە دەستبەجێ ئەو ڕۆژنامەنوسە ئازادبکەن.

لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی ۱۷ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ و سۆران حسێن ئیدیتەری ڕۆژنیوز دەستگیرکردنی زوبێر برادۆستی پەیوەندی بەو ڕاپۆرتانەوە بووە کە لەسەر بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بڵاویکردوونەوە لە ئاژانسی ڕۆژنیوزی نزیک لە پەکەکە

ئەم ڕێکخراوە جیهانیە ئاماژەی بەوەشکردووە، زوبێر برادۆستی لەلایەن هێزێکی ئەمنی سەر بە پارتی دیموکڕاتی کوردستان بەناوی هێزی هەڵگورد دەستگیرکراوەو تاکو ئێستا ڕێگە بەکەسوکارەکەی نادرێت بیبینن و تەنانەت لەڕۆژی دەستگیرکردنەیەوە تاکو ئێستا نەبراوەتە دادگا.

هاوکات، بەڕێوەبەری بەشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقای ڕێکخراوی سی پی جەی ڕایگەیاندووە، دەستگیرکردنی ڕۆنامەنوس بەبێ هیچ هۆکارێک دەچێتە چوارچێوەی هەڵسوکەوتی دیکتاتۆرانە لەکاتێکدا بەرپرسانی کورد خۆیان بە دیموکڕاسی پێناسە دەکەن.

ئەو بەرپرسەی ڕێکخراوە جیهانیەکە داواشی لە دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کە دەستبەجێ زوبێر برادۆستی ئازادبکرێ یان چارەنوسی ئەو ڕۆژنامەنوسە دیاریبکرێت و ببرێتە بەردەم دادگا.
ڕێکخراوە جیهانیەکە لەسەر ئەم پرسە پەیوەندی بە دیندار زێباری کردووە بەڵام تا ئێستا بە لێدوانێکی فەرمی وەڵامی نەبووە لەسەر دەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەنوسە.

هەر لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە، زوبێر برادۆستی ڕۆژی۱۷ی ئاداری ئەمساڵیش لەلایەن هێزەئەمنییەکانی پارتیەوە بۆ چەند ڕۆژێک دەستگیرکراو دواتر بەکەفالەت ئازادکرا.

ژمارەی خوێندراو : 328 جار

هەواڵی زیاتر