كۆمەڵی ئیسلامیی؛ حكومەتی هەرێمی خستە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی قورس

29/07/2019

شاخ پرێس: 

دوای هەڵدانەوەی دوو دۆسێی بەفیرِۆدانی سامانی گشتی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی هەشتەمدا، كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان كابینەی نۆیەم و خودی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی خستە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی قورسی رِاستگۆبوون لەگەڵ ئەو بەڵێنانەی بە خەڵكی كوردستانیاندا .

عەبدولستار مەجید وەزیری پێشووی كشتوكاڵ لە كابینەی هەشتەم كە هاوكات ئەندامی ئەنجومەنی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستانیشە، لە چەند رِۆژی رِابردوودا دوو دۆسێی بەفیرِۆدان و تەخشان و پەخشانكردنی سامانی گشتی بۆ رِایگشتی ئاشكراكرد .

یەكەمیان پەیوەندی بە خەرجكردنی برِی حەوت ملیۆن و پێنج سەد هەزار دینار بوو بەناوی (نەسریە) بۆ هەر وەزیرێك جگە لە موچەكەی، دووەمیشیان پەیوەندیی بە خەرجكردنی برِی (30.000) دۆلارەوە هەبوو بۆ وەزیرەكان لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی كابینەی هەشتەم بە مەبەستی كرِینی كەلوپەل و پێداویستی ناوماڵی وەزیرەكان .

هەڵدانەوەی ئەو دوو دۆسێیە جۆرێك كابینەی نوێی ئیحراج كرد كە دەستبەجێ هاتە سەرخەت و لە رِێگەی وتەبێژەكەیەوە بە نارِاستەوخۆ دانی بەو گەندەڵیانەدا نا و رِایگەیاند "ئەوەی دراوە بە وەزیرەكان (بەخشین) بووە نەك (دیاری)" .

رِاگەیەندراوەكە جۆرێك حكومەتەكەی مەسرور بارزانی بەلاوازی پێشانداوە، كە لەبری فەرمانكردن بەسەرجەم بەرپرسان بە گێرِانەوەی دەستبەجێی موڵك و ماڵی گشتی، داوایان لێدەكات كە هەرچی ئۆتۆمبێلی حكومەتیان لایە بیگەرِێننەوە . ئەم داوایەی حكومەتی هەرێم لەكاتێكدایە كە پارتی دیموكراتی كوردستان دروشمی "حكومەتێكی بەهێز"یان بۆ كابینەی نۆیەم بەرزكردبوەوە، بەڵام پارِانەوە و داواكردن بۆ گێرِانەوەی ئۆتۆمبێل و موڵكی گشتی دەریدەخات كە تەنانەت حكومەتی هەرێمیش لە رِووبەرِووبونەوەی گەندەڵیی و گێرِانەوەی هەموو ئەو موڵك و ئۆتۆمبێل و پارە زەبەلاحانەی لای بەرپرسانی دەسترِۆیشتوو و وەزیرەكانی حكومەتە دەستەوسانە و بە زمانی پارِانەوە داوایان دەكاتەوە .

بە برِوای چاودێران، هەڵدانەوەی ئەو دوو دۆسێیەی گەندەڵیی لەلایەن سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵەوە، تۆڵەكردنەوەی ئەو حزبەیە لە پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمدا كۆمەڵی پەراوێزخست .

 

ئاشكراكردنی ئەو بەفیرِۆدانەی سامانی گشتی كە بەدرێژایی هەر نۆ كابینەكەی حكومەتی هەرێم ئەنجامدراوە، لەلایەن رِایگشتیەوە پێشوازییەكی زۆری لێكرا و حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستانیشی رِووبەرِووی رِەخنەیەكی توندكردەوە لە ئاستێكی فراواندا .

ژمارەی خوێندراو : 465 جار

هەواڵی زیاتر