شاخ پرێس:
روانگەی عێراقی بۆ قوربانیانی بازرگانی بە مرۆڤ، رِاپۆرتێك دەربارەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ بڵاودەكاتەوە و بەپێی رِاپۆرتەكە 25 باندی بازرگانی بە جەستەی مرۆڤ و هەڵخەڵەتاندن و ناچاركردنی كچان و ژنان بە كاری لەشفرۆشیی لە هەرێمی كوردستان بوونیان هەیە .
راپۆرتەكە وردەكاریی پێشێلكارییەكانی دژ بە مرۆڤی لە ماوەی تەنها 9 مانگدا بڵاوكردەوە كە لە یەكی شوباتی 2019 هەتا یەكی تەموزە و، بەگوێرەی راپۆرتەكە، لە بەغدا و شارەكانی دیكەی عێراق 27 تۆڕی بازرگانی بەمرۆڤ بوونیان هەیە كە بازرگانی بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ دەكەن و ژنانیش ناچاری لەشفرۆشی دەكەن. هاوكات توندوتیژیی سێكسی لە دژی ژنان و تەنانەت كوڕانیش دەكەن و بۆ كاری ناشیاو و قێزەون ناچاریان دەكەن.
بەپێی زانیارییەكانی "زۆربەی تۆڕەكان و باندەكانی بازرگانی بە مرۆڤ، خۆیان لە هەرێمی كوردستان حەشار دەدەن، چونكە بە مۆڵگەیەكی ئارامی دەزانن بۆ بانگهێشتكردن و پەلكێشكردنی قوربانییەكانیان و دواتر دزینی ئەندامانی جەستەیان".
یەكێك لە قوربانییەكانی ئەو باندە مەرترسیدارانە كە بە (س.ئا) تەمەن 21 ساڵ ناسێندراوە، زانیاری بە رِێكخراوەكە داوە كە لە یەكێك لە نەخۆشخانە ئەهلییەكانی شاری دهۆك یەكێك لە گورچیلەكانی دەرهێنراوە.
بەپێی زانیارییەكانی ناو رِاپۆرتەكە، باندەكە سەرەتا لە رێگەی فەیسبووكەوە پەیوەندییان بەو كەسەوە كردووە و رِازیان كردووە كە لە شاری بەغداوە بێتە شاری هەولێر بەناوی گەشتكردنەوە . لە هەولێریش لەگەڵ پێنج كەسی دیكە رەوانەی شاری دهۆك كراوە .
رِاپۆرتی روانگەی عێراقی بۆ قوربانیانی بازرگانی بە مرۆڤ دەڵێت "(س . ئا) لەگەڵ باندەكە رێككەوتبوو لە بەرامبەر چوار ملیۆن دینار گورچیلەیان پێ بفرۆشێت، بەڵام تەنیا 400 هەزار دیناری دەستكەوت دوای ئەوەی لە ژوورێكدا بە تەنیا بەجێیانهێشتبوو.
ئاشكراشیكردووە "حەوت باندی بازرگانی بە جەستەی مرۆڤ لە شاری سلێمانی و نۆ باندی دیكەش لە هەولێر و دهۆك و سێ باندیش لە كەركوك بوونیان هەیە و لە رێگەی چەند كەسێكی سەر بە خۆیانەوە لە زۆربەی شارەكانی عێراق و لە رێگەی ئەكاونت و پەیجی ساختەی فەیسبووكەوە، نێچیری خۆیان دەدۆزنەوە و كاری سەرەكیشیان خەڵەتاندن و هێنانی گەنجان و مێردمناڵانە بۆ هەولێر و دهۆك بۆ ئەوەی ئەندامانی جەستەیان بكڕن و دواتر بە پارەیەكی زۆر بیفرۆشن".
ئەم باندانە هاوكات كاری لەشفرۆشیی بە ژنان و منداڵانەوە دەكەن و بەپێی رِاپۆرتەكە "رۆژانە دەیان ژن و منداڵ پەلكێشی لەشفرۆشیی دەكرێن یان بۆ سواڵكردن بەكاریاندەهێنن و لە بەرامبەردا بەڵێنی دابینكردنی ژیانێكی خۆش و بەدەستهێنانی پارەی زۆریان پێدەدەن".
یەكێك لەو رِێگایانەی ئەندامانی ئەم باندە بۆ هەڵخەڵەتاندنی كچان بەكاریدەهێنن ئەوەیە كە پەیوەندیی سۆزداری لەگەڵ كچان دەبەستن و بەڵێنی هاوسەرگیرییان پێدەدەن، دواتر گرتە ڤیدیۆییەكانیان تۆمار دەكەن و هەڕەشەیان لێدەكەن و لە بازرگانیی سێكس بەكاریان دەهێنن. هەروەها منداڵە بێ باوك و دایكەكان بەمەبەستی سواڵكردن و بازرگانی سێكس بەكاردەهێنن.
ژمارەی خوێندراو : 410 جار