ئەمریكا داوای هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی حەفتا و هەشتا و چەكداماڵینی پارتی و یەكێتی دەكات

31/07/2019


شاخ پرێس: 

هەریەكە لە ئەمریكا و بەریتانیا و چەند وڵاتێكی ئەوروپا كە لەچوارچێوەی هێزەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش هاوكاری هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كردووە، فشار لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش پارتی و یەكێتی دەكەن كە هێزی پێشمەرگە بكەنە هێزی رِێكخراو و نیشتمانیی دوور لە دەستی حزب .

سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگە تایبەت بۆ شاخ پرێس وتی "ماوەی سێ ساڵە هاوپەیمانان بەتایبەتیش ئەمریكا لەگەڵ پرۆژەیەكیان بۆ بەدامەزراوەییكردنی وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەكردووە و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستانیش لەوبارەیەوە گفتوگۆیان كردووە" .

ئەو سەرچاوەیە كە ناوەكەی لای شاخ پرێس پارێزراوە رِاشیگەیاند "بەپێی ئەو پرۆژە نوێیە، پێویستە هێزەكانی حەفتای یەكێتی و هەشتای پارتی هەڵبوەشێندرێتەوە و ئەو دوو حزبەش لە چەك دابماڵرێت" .

هەروەك ئاشكراشیكرد "ئەمریكا بە رِوونی ئەوەی وتووە كە ئێمە پشتگیری لە میلیشیای حزبیی ناكەین، بۆیە پێویستە هێزەكانی حەفتا و هەشتا لەچوار چێوەی وەزارەتی پێشمەرگە رِێكبخرێن و ببنە هێزێكی رِاهێنراوی سەربازیی و برِیار لە وەزارەتی پێشمەرگەوە وەربگرن نەك لە حزبەكانەوە" .

سەرچاوەكەی شاخ پرێس وتیشی "وەك چۆن حكومەتی عێراق ناچار كرا برِیاری هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بدات، فشاری زۆریشی لەسەر پارتی و یەكێتی هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا حزبییەكان و كردنی هێزی پێشمەرگە بە سوپایەكی نیشتمانیی دوور لە دەست و ئەجێندای حزب"

ژمارەی خوێندراو : 508 جار

هەواڵی زیاتر