شاخ پرێس:
پرۆژە یاسای چاکسازیی لە موچە و دەرماڵە و خانەنشینی پلە تایبەتەکان کە لە خولی ڕابردووی پەرلەماندا بەهۆی ناکۆکیی پەرلەمانتارانەوە نەتواندرا پەسەند بکرێت، ئێستا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە دادەڕێژررێتەوە و سەرچاوەیەکی تایبەتیش لەناو ئەنجومەنی وەزیران زانیاریی بۆ شاخ پرێس ئاشکرا دەکات .
سەرچاوە تایبەتەکەی شاخ پرێس کە نەیویست ناوی ئاشمرا بکرێت ئاشکرایکرد "پرۆژەی چاکسازیی لە موچە و خانەنشینی ئێستا لە ئەنجومەنی وەزیرانە، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لیژنەیەکی پسپۆڕی بۆ پێکهێنراوە تا بە هەموو پرۆژەکەی کابینەی هەشتەمدا بچێتەوە" .
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە "لیژنەکە چەند ڕۆژێکە دەستبەکاربووە و کۆی پرۆژەکەش دەخرێتەوە ژێر گۆڕانکاریی و چاوپێدا خشاندنەوە" .
سەبارەت بە موچەی فەرمانبەران لەو پرۆژەیەدا، ئەو سەرچاوە وتی "ئەگەرچی هەوڵێک یان پێشنیازێک هەیە تا جیاوازیی نێوان موچەی پلە نزم و پلە باڵاکان تۆزێ کەمبکرێتەوە، بەڵام چی لەناو حکومەت و چی لەناو پەرلەمانیش خەڵکانێک هەن نایانەوێ ئەوە ڕووبدات و موچەکانیان کەمبکرێتەوە" .
ڕاشیگەیاند "ئەوەی زۆر جەختی لێدەکرێتەوە، ڕێکخستنەوەی دەرماڵەکانە کە نیوە زیاتری بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ دەرماڵەکانە و ناعەدالەتی لەو بوارەدا هەیە و لە پرۆژەکەدا ڕێکدەخرێتەوە" .
سەبارەت بە خانەنشینی پلە باڵاکانیش، سەرچاوەکەی شاخ پرێس وتی "بەڕاستی ئەمە بابەتێکی هەم قورسە هەم هەستیارە و ئەوانەیدبە پلەی تایبەت لە ٢٨ ساڵی ڕابردوودا خانەنشین بوون، مانگانە بودجەیەکی زۆر دەبەن بەبێ ئەوەی شایستەی بن، ئێستاش لەم یاسایەدا ئەگەر بویسترێ عەدالەت بچەسپێندرێت، کۆسپی زۆر دێتە بەردەمی و ڕەنگە ئەوانەی لەبەرژەوەندییان نیە و لەهەمان کاتیشدا دەستڕۆیشتوون، ڕێگەنادەن بەو ئاسانییە موچەکانیان ببڕدرێت کە چەندین ساڵە بەنایاسایی وەیدەگرن" .
ئەو بە گومانەوە لە ناردنی پرۆژەکە بۆ پەرلەمان دەڕوانێت و دەڵێت "یەک گرەنتی هەیە کە پرۆژەکە وەک خۆی لە پەرلەمان پەسەند بکرێت، ئەویش ئەوەیە پارتی تەوجیهی ڕاستەوخۆ بداتە فڕاکسیۆنەکەی کە پرۆژەکەی حکومەت وەک خۆی تێپەڕێنن و چاویان لە بەرژەوەندی و خانەنشینبوونی خۆیان نڵبێتدبە پارەیەکی زۆر، خۆ ئەگەر پارتی ئەوە بکات، ئەوە دەتوانێت لەگەڵ گۆڕان و بەشێک لە یەکێتیش ڕێکبکەوێت تا پشتگیریی بکەن و جۆرێک لە عەدالەت بچەپێندرێت "
ئەو سەرچاوەیە وتیشی "خۆی مەترسییەکە لە پەرلەمانە، لەو باوەڕەدا نیم پەرلەمانتاران دەست لە بەرژەوەندی خۆیان لە قێناو بەرژەوەندی گشتیی هەڵبگرن و کارێک ناکەن زیان لە موچە و خانەنشین بوونیان بدات"
ژمارەی خوێندراو : 449 جار