بەغداد بە مەرج مووچەی دوو مانگی هێزە ئەمنییەکانی ڕەوانە کردووە، گەر جێبەجێ نەکرێ مانگی داهاتوو کێشە دروست دەبێت

17/07/2024

هەر تێبینییەک لەلایەن دیوانى چاودێریى دارایی عێراقەوە لەسەر لیستەکە هەبێت، دەبێت حکومەتى هەرێمى کوردستان چارەسەرى بکات.
 پەرلەمانتارێکى عێراق دەڵێت، ئەگەر ئەو تێبینییانە چارەسەر نەکرێن، بۆ مانگى داهاتوو کێشە دروست دەبێتەوە.
نووسراوە "نهێنییەکەى" ئیحسان عەوادى، بەڕێوەبەرى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ ناردنى مووچەى دوو مانگى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان ئاماژەیەکى مەرجدارى تێدایە، کە تایبەتە بە وردبینیى ئەو لیستە لەلایەن دیوانى چاودێریى دارایی عێراقەوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، مووچەى مانگەکانى ئایار و حوزەیران خەرج دەکرێت، تاوەکو حکومەتى هەرێمى کوردستان چارەسەرى هەر تێبینییەک بکات، کە دەکرێت لەلایەن دیوانى چاودێریى داراییەوە لە داهاتوودا بدۆزرێتەوە.
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابوورى، پیشەسازی و بازرگانیى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، بەشى دووەمى نووسراوەکەى سەرۆکوەزیرانی عێراق مەرجە بۆ ناردنى ئەو پارەیە، کە وردبینیکردنە.
لیژنەکەى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق لە هەرێمى کوردستان بوو, بۆ وردبینیکردن لە لیستى مووچەى هێزە ئەمنییەکان و ئەو لیستانەى دیکە کە تێبینیی لەسەر هەیە.
سۆران عومەر گوتى، ئەگەر ئەو تێبینییانەى لەلایەن لیژنەکەى دیوانى چاودێریى دارایی عێراقەوە لەسەر لیستى مووچەى هێزە ئەمنییەکان هەیە، چارەسەر نەکرێن بۆ مانگى داهاتوو کێشە بۆ ئەو مووچەیە دروست دەبێتەوە.
بەهۆى ئەو تێبینییانەى لەسەر لیستى مووچەى هێزە ئەمنییەکان هەبوو، مووچەى هەردوو مانگى ئایار و حوزەیرانى ئەو هێزانە دواکەوت.
#روون_میدیا

ژمارەی خوێندراو : 49 جار

هەواڵی زیاتر