بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحْمَـٰنِ الرَّحِيمِ
(مِنَ المُؤْمِنِينَ رِجَالٌ صَدَقُوا مَا عَاهَدُوا اللهَ عَلَيْهِ فَمِنْهُمْ مَنْ قَضَى نَحْبَهُ وَمِنْهُمْ مَنْ يَنْتَظِرُ وَمَا بَدَّلُوا تَبْدِيلًا) {الأحزاب:23}
بە بۆنەی بە ناحەق و ستەم كوژرانی بەڕێز ئیسماعیل هەنییەوە، بەرپرسی مەكتەبی سیاسیی حەماس و، سەرۆكی شاندی دانوستانكاری نێوان حەماس و قەوارەی زایۆنیی، دەوری سەعات دووی شەوی ڕابردوو: ٣١/٧/٢٠٢٤ز بەناوی خۆم و قیادەی كۆمەڵەوە: پرسەو سەرەخۆشیی لە كۆی خەڵكی فەلەستین بە گشتی و بە تایبەت موجاهیدانی حەماس و جیهاد دەكەین و، لە خوای میهرەبان داواكارین پلەی بەرزی شەهیدیی پێدابێ و ئارامیی و ئۆخژنیش بە سەر دڵ و دەروونی خێزان و نیزیكان و كەس وكاری دا بڕێژێ و، بە باشترین شێوە پاداشتیان بداتەوە بەو بۆنەیەوەش دەڵێم:
١- كوشتنی كەسی یەكەمی حەماس لە لایەن قەوارەی زایۆنییەوە، لە كاتێك دا بانگێشتی فەڕمیی دەوڵەتێك كراوە، بەڵگەیەكی دیكەی سەلمێنەری دڕندایەتیی قەوارەی زایۆنیی و گوێنەدانیەتی بە سەرجەم پڕەنسیپەكانی مرۆڤایەتیی و كاری دیپلۆماسیی و، ئەو پەڕی داڕووخانی ڕەوشت و ئاكاری سیاسیی.
٢- بێگومان ئێرانیش بەرپرسیارییەتێکی گەورەی کەوتە سەرشان کە بەو شێوە قێزەونە میوانێكی گەورە و گرنگی وەك هەنییە لە ماڵەكەیدا بكوژرێ، بۆیە چاوەڕوانیی دەكرێ ئێران وەڵامێكی پڕ بە پێستی هەبێ.
٣- كار و كاروانی جیهاد و خەباتی فەڵەستینییەكان لەمێژە بەڕێوەیە و شەهیدانی دیكەی زۆری وەك: شێخ أحمد یاسین، یحي عەییاش وعبدالعزیز الرَّنتیسي و ...هتدی دیكەشی پێشكەشكردوون و بە دڵنیایی بە لە دەستدانی ئیسماعیل هەنییەش جیهادو فیداكاری فەلەستینییەكان نەك كۆتایی نایەت بەڵكو مایەی بەهێزتركردن و گەشەپێدانیەتی و، (هەتا خوێن زیاتر بڕژێ، تۆوی تۆڵە دەپڕژێ).
٤- بەو كارو هەڵوێستانەش، قەوارەی زایۆنیی و زلهێزە پاڵپشتەكانی و ماستاوچییەكان و دەهۆڵ كوتەكانیان، هەرچی پتر نیشانەی پرسیاریان دەكەوێتە سەر و دووچاری شەرمەزاریی بوون و دەبن.
٥- پێشم وایە ئەو جۆرە پەلامار و پەلەقاژانەی قەوارەی زایۆنیی لینگەفرتەی كۆتایینی و، ئێستا بە خێرایی بەرەو مەرگ و لێك هەڵوەشان دەچێ و، سەرەنجامییش تێکڕای ئەو دەوڵەت و حیزب و ڕێکخراوو کەسایەتییانەی هاوسۆز و هاوکاری فەڵەستینییەکان بوون، سەربەرزی دنیا و قیامەت دەبن و، ئەوانەش کە بێ هەست و هەڵوێست بوون، یان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئاویان بە ئاشی قەوارەی زایۆنیی دا کردوەو دەکەن، عەیبداریی و شەرمەزاریی دنیاو قیامەتیان بۆ دەمێنێتەوە.
عەلی باپیر
٢٥ محرم ١٤٤٦ك
٣١/٧/٢٠٢٤ز
ژمارەی خوێندراو : 51 جار