مەسرور بارزانی: پێویستە حکومەتی فیدراڵ، ئەرکی یاسایی و ئەخلاقی خۆی جێبەجێ بکات و قەرەبوو ئەنفالەكان بكاتەوە

پێش 3 هەفتە

دەقی راگەیێندراوەکە راگەیەنراوی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانییانی ئەنفالی بادینان دەکەینەوە کە سی و شەش ساڵ لەمەوبەر، لە دوا قۆناخی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، رژێمی بەعس، هەزاران مرۆڤی بێتاوانی دەڤەری بادینانی شەهید و بێسەروشوێن کرد، سەدان گوندی ئەو ناوچەیەشی وێران کرد کە سەرەنجام بووە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس.
ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە قێزەونانە، قڕکردن و جێنۆسایدکردنی گەلی کوردستان بوو، بەڵام تاوانباران و ئەنجامدەرانی ئەم کۆمەڵکوژیانە، نەیانتوانی ئیرادە و خواستی ئازادیخوازانەی گەلی کوردستان لەناوببەن. 
لەم یادەدا، دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ، ئەرکی یاسایی و ئەخلاقی خۆی جێبەجێ بکات و بە شێوەیەکی شایستە، بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی دەستی رژێمی پێشووی عێراق قەرەبوو بکاتەوە. لەمبارەیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت و هەرچی لەتواناشیدا بێت بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان درێخی ناکات. 
سڵاو لە گیانی پاکی ئەنفالکراوانی بادینان و گشت شەهیدانی کوردستان.
مەسرور بارزانی 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 

ژمارەی خوێندراو : 72 جار

هەواڵی زیاتر