ناوڕۆکی راپۆرتی ئەو لیژنەیەی دیوانی چاودێری رەوانەی هەرێمی کوردستانی کردبوو دەربارەی کێشەی مووچە ئاشکرا بوو

پێش 3 هەفتە

ناوڕۆکی راپۆرتی ئەو لیژنەیەی دیوانی چاودێری رەوانەی هەرێمی کوردستانی کردبوو دەربارەی کێشەی مووچە ئاشکرا بوو.
یەکێک لە تێبینییەکانی دیوانى چاودێریى دارایی عێراق لەبارەى ژمارەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانەوە بووە، ئاماژەى بەوە داوە کە بە گوێرەى یاسای بودجەى گشتیی 2023، ژمارەیان 658 هەزار و 189 فەرمانبەرە، بەڵام بە گوێرەى نووسراوى وەزارەتى دارایی و ئابووریی هەرێمى کوردستان، ژمارەى فەرمانبەرەکانى 686 هەزار و 19 فەرمانبەرە و جیاوازییە زیادەکەى 27 هەزار و 830 فەرمانبەرە.
یەکێک لە تێبینییەکانى تری ئەوە بووە کە 48 کەس دوو مووچەیان وەرگرتووە کە سوودمەندى چاودێریی کۆمەڵایەتى بوون و فەرمانبەریش بوون.
دیوانى چاودێریى دارایی تێبنییەکی دیکەى لەسەر فەرمانبەرانى پەرلەمان بووە بەوەى کە بەگوێرەى یاسای فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتى گشتیی ساڵی 2008 مووچە وەردەگرن، بەبێ ئەوەى کاریان بە هەموارى یاساکە کردبێت بۆ مووچەکانیان. دەڵێت، سەرجەمیان بەجێکردنى مووچەیان بۆ نەکراوە و لە رێگەى هەژمارى بانکى کەسییەوە مووچە وەردەگرن، کە پێچەوانەى بڕیارى دادگەی فیدراڵییە و راسپاردەى ئەوەبووە کە مووچەکانیان بەجێ بکرێت.
هەروەها ئەو دیوانە تێبینیی ئەوەى هەبووە کە پێنج پلەى بەڕێوەبەرى گشتى لە وەزارەتى کارەبا هەن کە لە قەزا و ناحییەکانن و بە "زیاد لە پێویست" ناوى بردوون، ئاماژەى بەوەش داوە 5555 فەرمانبەری وەزارەتەکە بەجێکردنى مووچەیان کردووە کە 34%ـی تێکڕاى فەرمانبەرەکانیانە.
لەو راپۆرتەدا هاتووە، 63 ئەفسەر بە پلەى لیوا و فەریق لە وەزارەتى پێشمەرگە هەن بەبێ ئەوەى پۆستى بەتاڵ هەبێت، براونەتە وەزارەت، ئەوەش پێچەوانەى یاسای خزمەت و خانەنشینیی سەربازییە کە دەبێت پلەبەرزکردنەوەى ئەفسەر لەسەر بنەماى ئەوە بێت پۆستێکى بەتاڵ هەبێت و واى لێ بکات ئەو پلەبەرزکردنەوەیەى بۆ بکرێت.
دیوانى چاودێریى دارایی ئاماژەى بەوەشداوە، 1876 کارمەندى وەزارەتى پێشمەرگە تۆمارى بایۆمەترییان نەکردووە و پاساوى هەرێمى کوردستان ئەوە بووە کە ئەو پرۆسەی تۆمارکردنە بەردەوامە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، خەرجکردنى مووچەى 204 کارمەندى شەهید بەردەوامە بەبێ ئەوەى شەهیدبوونیان ئاماژەى پێکرابێت، پاساوی وەزارەتی داراییش ئەوە بووە رێوشوێنەکان بۆ تەواوکردنى مامەڵەیان بەردەوامە و دیوانى چاودێریی دارایی ئەوەى بە وەڵامێکى "ساڕێژنەکەر" ناو بردووە.
بەشێک لە تێبینییەکانى ئەو دیوانە لەسەر هێزەکانى حەفتا بووە کە 27 هەزار و 232 خانەشینی نیڤشکان هەن و دەبێت بگوێزرێنەوە سەر وەزارەتى دارایی، بەڵام هێشتا لەلایەن فەرماندەییەوە پارەیان پێدەدرێت، هەروەها لە لیستى خانەنشینیی پێشمەرگە 2233 جیاوازى هەبووە لەنێوان میلاکى ئەو یەکەیە لەگەڵ لیستى مووچەکانیان.
120 ئەفسەرى پلە جیاواز لەو هێزە هەبوون کە گواستراونەتەوە بۆ وەزارەتى پێشمەرگە، تەمەنیان گەیشتووەتە خانەنشینى، بەڵام بەردەوامن لە کارەکانیان، هەروەها یەکەى 70 پەیکەرى رێکخستنى و پەیڕەوى ناوخۆى نییە و تەنیا پەیکەرێکى پێشنیازکراویان پێداون، سەرجەم فەرمانبەرانیشیان بەجێکردنى مووچەیان بۆ نەکراوە و تەنیا لە رێگەى لیستەوە مووچەیان پێدەدرێت.
دیوانى چاودێریى دارایی ئاماژەى بەوەداوە، لە هێزەکانى 80ـی پێشمەرگەش دوو پلەى مەدەنى بە پلەى بریکارى وەزیر هەن، 1351 ئەفسەر و کارمەند هەن کە خانەنشینن یان کەم ئەندامن، بەڵام لە چوارچێوەى میلاکى خشتەى ئەو یەکەیەدان.
هەروەها مووچەى سەرجەم کارمەندانى ئەو هێزە بەجێنەکراوە کە پێچەوانەى بڕیارى دادگەى فیدراڵییە و بە لیست مووچە وەردەگرن.
دیوانى چاودێریی دارایی ئاماژەى بەوەداوە، لە هێزى فریاکەوتنى سلێمانى مووچەى 147 کەس دەدرێت کە شەهیدن، کاتێک پرسیاریان کردووە پێیان راگەیاندوون بەردەوامیی خەرجکردنى مووچەکانیان بەگوێرەى فەرمانێکى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان بووە لە ساڵى 2016 بۆ ئەو کەسانەى لە شەڕى داعش شەهیدبوون.
هەروەها لەو هێزە پلەى لیوا دراوە بە 11 ئەفسەر بەبێ ئەوەى پۆستیان هەبێت، ئەوەش "پێچەوانەى یاسایە." لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، سەرجەم کارمەندانى ئەو هێزە مووچەکانیان بەجێنەکراوە و لە رێگەى لیژنەوە مووچەکانیان پێ دەدرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە هەفتەی رابردوو، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، هۆکاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەوان نین و بە چەند خاڵێک روونکردنەوەی لەبارەی بوونی ناوی دووبارە، کێشەی بایۆمەتری، ناوی چواریی دووبارە لە چەند وەزارەتێک، زیادبوونی بڕی مووچە دابوو.
#روون_میدیا

ژمارەی خوێندراو : 97 جار

هەواڵی زیاتر