یەکێتی لەبارەی دورخستنەوەی مەلا بەختیار و دەستبەسەرداگرتنی بینای چاودێر، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

پێش 2 هەفتە

دەقی ڕوونکردنەوەکە:
روونکردنەوەیەک لە راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە سەبارەت بە وەرگرتنەوەی بارەگای دەزگای چاودێر
دەزگای چاودێر لەسەرەتای دامەزراندییەوە بە پاڵپشتیی دارایی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان كارەكانی ئەنجامداوە و تاوەكو ئێستا بەردەوامبووە، بەوپێیەی بەڕێز مەلا بەختیاریش لەناو ریزەكانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستاندا نەماوە و روونبووەوە کە بارەگای دامەزراوەكە رادەستناكرێت و نایەوێت لەژێر چەتری یەكێتیدا درێژە بە كارەكانی بدات، یەكێتی بە مافی رەوای خۆی دەزانێت بەشێوەیەكی هێمنانە و دوور لە هەموو جۆرە گرژییەك، هەوڵی وەرگرتنەوەی بارەگای دەزگای چاودێر بدات کە خاوەندارێتیی زەوی و بارەگاکە دەگەڕێتەوە بۆ یەکێتی.
ئەم هەوڵەش نەك پەیوەندیی بە ئازادیی رادەربڕین و دژایەتیكردنی بیری ئازادەوە نییە، بەڵكو پاڵپشتیی ئازادیی كاری رۆژنامەوانی و فراوانكردنی سنوورەكانی دیموكراسی، ستراتیژی نەگۆڕی یەكێتی بووە و هەرواش دەمێنێتەوە.
سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری کوردستانە و ناوەندی ئازادی ڕادەربڕین و چالاکی رۆشنبیرییە و ئەو شانازییەش بەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەوێ کەهەمیشە لەو سەنگەرەدا بووە.
ئەم هەوڵەی یەكێتیش درێژكراوەی هەوڵەكانی حزبەكەیە بۆ رێكخستنەوەی دەزگاكانی و باشتر خزمەتكردنی كوردستان و خەڵكەكەی.
هەموو دەنگۆیەكیش سەبارەت بە جووڵاندنی هێزی سەربازی بۆ وەرگرتنەوەی بارەگاکە رەتدەكەینەوە.
بەداخەوە میدیای باڵێكی دەستڕۆیشتووی ناو پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هەمیشە هەوڵی نەزۆكانە دەدەن بۆ بەلاڕێدابردنی راستییەكان و چەواشەكردنی خەڵكی كوردستان، بۆیە داوایان لێدەكەین ئەگەر ئەوان لە خەمی ئازادیی كاری رۆژانەمەوانی و بیروڕای ئازاددان، فەرموون چالاكوان و رۆژنامەنووسانی ناو زیندانە تاریكەكانی هەولێر و بادینان ئازادبكەن.
سلێمانی پێویستی بە فرمێسكی تیمساحیی ئێوە نییە، بەڵكو ئێوەن دەبێت وانەكانی ئازادی و دیموكراسی لە سلێمانیی سەربەرزەوە فێرببن.

ژمارەی خوێندراو : 6 جار

هەواڵی زیاتر