لە روون میدیا وە تەواوی وردەكارییەكان لەبارەی ئامێری پەیجەر بزانە

2 رۆژ پێش ئێستا

ئامێری پەیجەر (pager) چییە ؟
چۆن كاردەكات و بۆچی بەكاردێت ؟
كێ لە پشت تەقاندنەوەی هەزاران ئامێری پەیجەرە لە یەك چركەدا ؟
#روون_میدیا
ئامێری پەیجەر چیە ؟
پەیجەر ئامێرێكی بێتەلی بچوكە، لە ساڵانی شەستەكاندا پەرەی پێدراوە و بۆ حاڵەتی لەناكاو بەكاردەهێنرێت، ئەلیكترۆنییە و لەڕێی شەپۆلی ڕادیۆییەوە كەسی بەكارهێنەر ئاگادار دەكاتەوە لەو كەسەی دەیەوێت پەیوەندیی پێوەبكات، دەشتوانرێت كورتە نامەی بۆ بێت و پێشی بنێریت .
بەرلە بڵاوبوونەوەی مۆبایلی زیرەك، پەیجەر بەربڵاوترین ئامێربووە بۆ پەیوەندیكردن بەتایبەت لەنێوان پزیشكانی ئێشكگری شەوان و فەرمانبەرانی خزمەتگوزاریی لەناكاو، لە بواری سەربازیی و ئەمنییشدا بەكاردەهێنرێت .
بۆچی چەكدارانی حزبوڵا ئەم ئامێرە بەكاردەهێنن ؟
پەیجەر تەكنەلۆژیایەكی كۆنە و بە ئینتەرنێتەوە نابەسترێتەوە، بۆیە لەڕوی هاككردن و هێرشی ئەلیكترۆنیی و سیخوڕیی بەسەركردنەوە "تا ڕادەیەك" سەلامەتترە بە بەراورد بە ئامێرە زیرەكەكانی وەك مۆبایل و جۆرەكانی .
هەرلەبەر ئەم هۆكارەیە كە تا ئێستاش پەیجەر لە بوارە سەربازیی و ئەمنییەكاندا بەكاردەهێنرێت، هەرئەمەشە وایكردووە كە زۆرینەی ڕەهای چەكدارانی حزبوڵا ئامێری پەیجەر بەكاربهێنن .
ئامێری پەیجەر چۆن دەتەقێتەوە ؟
هێشتا زووە بۆئەوەی بزانرێت چۆن لە یەك ساتدا، سەدان ئامێری پەیجەر لەناو گیرفان و باخەڵی نزیك بە دوو هەزار كەسدا لە لوبنان تەقیوەتەوە .
ئەوەی تا ئێستا بەشێك لە پسپۆڕان باسیدەكەن ئەوەیە، پێش ئەوەی ئامێرەكان داخڵی لوبنان ببن و بكەونە دەستی چەكدارانی حزبوڵا، دەستكارییان كراوە و ئامێری زۆر بچوكی تێدا چێنراوە كە لە دوورەوە و بە ریمۆت كۆنترۆڵ بتەقێنرێتەوە .
ئەو ئەنتیگرێتە بچوكەشی تیایاندا چێنراوە، بەهەمانشێوە لەڕێی ناردنی شەپۆلی ڕادیۆییەوە كە لە درۆنەوە ئاماژەیان وەرگرتووە و دەبێتە هۆی گەرمبوونی باترییەكەی، تەقێنراونەتەوە .
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز دەڵێت "ئەو ئامێرانەی ئەمڕۆ لە لوبنان تەقینەوە و 2800 كەسی كردە قوربانیی، لە پێشكەوترین جۆرەكانی ئامێری پەیجەرە كە حزبوڵا لە چەند مانگی ڕابردوودا كڕیوێتی" .
هاوكات ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی ڕایگەیاندووە "ئەو ئامێرە دەستكاریكراوانە بەمدواییانە و بە یەك گوژمە، حزبوڵا هاوردەی كردووە و كڕیوێتی" .
ئەو ناوچانە كامانەن كە ئامێرەكانی تێدا تەقێنراونەتەوە ؟
زۆرینەی ئەو ئامێرانەی تەقێنراونەتەوە، بەكارهێنەرەكانیان لە ناوچەكانی باشوری لوبنان بوون، واتە ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی چەكدارانی حزبوڵای لوبناندان، چوار كەسیشیان لە سوریا و بەدیاریكراویش لە دیمەشق بون و هەرچواریشیان چەكداری حزبوڵا بوون .
ژمارەی قوربانییەكان تا ئێستا چەندە ؟
بەپێی داتاكانی وەزارەتی تەندروستی لوبنان، تا ئێستا دوو هەزار و 775 كەس برینداربوون كە برینی ژمارەیەكیان سەختە و هەشتی دیكەش گیانیانلەدەستداوە .
وەزارەتەكە دەشڵێت "نەخۆشخانەكانی ئەو ناوچانەی تەقینەوەكانی تیادا ڕویانداوە، توانای پێشوازی ئەو ژمارە زۆرە قوربانییەی نیە، بۆیە ناچاربوون بریندارەكان بگوازنەوە بۆ شارەكانی دیكە"
كێ لە پشت ئەنجامدانی هێرشەكەوەیە ؟
ئاژانسی ئەسیۆشێتد پرێس لە بەرپرسسێكی باڵای لوبنانەوە ئاشكرایكردووە "بە ئەگەرێكی زۆرەوە هێرشەكە لەلایەن ڕژێمی زا*یۆنییەوە ئەنجامدراوە"
حزبوڵای لوبنانیش لە ڕاگەیەندراوێكدا زا*یۆنییەكان بە ئەنجامدانی ئەو تاوانە تۆمەتبار دەكەن و بەڵێنی لێكۆڵێنەوەی سەربازیی و ئەمنیی بەرفراوان لە ڕووداوەكە و هەڕەشەی تۆلەكردنەوەش دەكات .

ژمارەی خوێندراو : 68 جار

هەواڵی زیاتر