نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانە لە چارەنووسی دكتۆر حوسام ئەبوسەفیە

4 رۆژ پێش ئێستا

نەتەوە یەکگرتووەکان خوازیاری ئازادکردنی خێرای پزیشکی فەلەستینی حوسام ئەبو سەفیە و ستافی پزیشکی یاوەری بوون . بارودۆخی  نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززەی بە تەڵەی مردن وەسف دەكەن.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، دکتۆر ئەبو سەفیە دەنگی کەرتی تەندروستی غەززە بووە، تەنانەت دوای تیرۆرکردنی کوڕەکەی لە بارودۆخێکی نامرۆڤانەدا کاری کردووە.
ڕێکخراوەکە نیگەرانی قوڵی خۆی لە بارودۆخی دکتۆر ئەبو سەفیە دەربڕی، داوای کرد قەوارەی زایۆنی بەزوویی ئەبو سەفیە ئازاد بکات.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی داوای لە قەوارەی زایۆنی کرد دەستبەجێ ئەبو سەفیە ئازاد بکات، هەروەها ڕایگەیاند كە لە ئێستادا نەخۆشخانەکانی غەززە جارێکی تر بوونەتە بەرەکانی شەڕو سیستەمی تەندروستی لەژێر هەڕەشەیەکی زۆردایە، پێویستە کۆتایی بە بەئامانجکردنی نەخۆشخانەکان بهێنریت.
لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە واشنتۆن هێشتا خەریکی کۆکردنەوەی زانیارییە سەبارەت بە دۆخی دكتۆر حوسام ئەبو سەفیە و ستافی پزیشکی دەستبەسەرکراو.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا كە دوێنێ دووشەممە بڵاوی كردەوە رایگەیاندووە: بەدواداچوون بۆ ئەو هەواڵانە دەکات کە سەبارەت بە دەستگیرکردنی کارمەندانی پزیشکی لە ناو نەخۆشخانەی کەمال عەدوان، لە باکووری کەرتی غەززە بلاوبوونەتەوە.
لە بەیاننامەکەدا داوا لە هەموو لایەنەکان کراوە کە ڕێز لە تایبەتمەندی نەخۆشخانەکان بگرن، هەروەها خۆیان لە زیانگەیاندن بە هاوڵاتیانی مەدەنی و کارمەندانی فریاگوزاری بەدوور بگرن.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، واشنتۆن زۆر نیگەرانە لە ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لە ئەنجامی شەڕی بەردەوامی غەززە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی بەردەوامە لە ئاگادارکردنەوەی ئیسرائیل لە بەرزترین ئاستدا.

ژمارەی خوێندراو : 72 جار

هەواڵی زیاتر