زۆرترینی خەڵكی ئەوروپا ترەمپ بە دیکتاتۆر ناودەبەن

16 کاتژمێر پێش ئێستا

زیاتر لە نیوەی فەرەنسی و ئەڵمانی و بەریتانی و نزیک بە نیوەی پۆڵەندی پێیان وایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا "دیکتاتۆر"ە.
 بەپێی ڕاپرسییەکی دامەزراوەی (دیستینکتیڤ کۆمان) بۆ بیركردنەوە كە بەگوێرەی ئەو ڕاپرسییەی دوێنێ شەممە، بڵاوکراوەتەوە، 59%ی بەشداربووانی فەرەنسی و ئەڵمانیا، سەرۆکی ئەمریکا بە "دیکتاتۆر" وەسف دەکەن، هەروەها 56%ی بەریتانیاییەکان و 47%ی پۆڵەندییەکان.

نزیکەی 35%ی خەڵکی فەرەنسی کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، هاوسۆزی زیاتریان بۆ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا نیشانداوە لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ لە واشنتۆن لە کۆتایی مانگی شوباتدا . تەنها 9%یان ڕایانگەیاندووە کە کەمتر هاوسۆزییان هەیە.

25% لە خەڵکی فەرەنسا ، ئەمریکا بە هاوپەیمان دەزانن، لەکاتێکدا ٥٧% ئامادەنین ئەمریكا بە هاوپەیمانی خۆیان  ناو ببەن

سەبارەت بە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لە ئەوروپا لە ساڵانی داهاتوودا، 60%ی فەرەنسییەکان پێیانوایە ئەگەری هەیە ڕووسیا لە ساڵانی داهاتوودا وڵاتانی دیکەی ئەوروپا داگیر بکات، لە بەرامبەردا 68% لە بەریتانیا و پۆڵەندا و 53% لە ئەڵمانیا.
بەپێی ڕاپرسییەکە، نزیکەی 76%ی خەڵکی فەرەنسا ڕایانگەیاندووە، نیگەرانن یان زۆر نیگەرانن "لەبارەی ئەو ململانێیەی کە لە چەند ساڵی داهاتوودا لە ئەوروپادا بڵاودەبێتەوە".
66%ی پۆڵەندی و بەریتانیەکان دەیانەوێت بەردەوام بن لە پاڵپشتیکردنی ئۆکرانیا تەنانەت بەبێ پشتیوانی ئەمریکا، لەکاتێکدا لە فەرەنسا ئەو ڕێژەیە 57% و لە ئەڵمانیا 54%.

سەبارەت بە ئەگەری ناردنی نوێنەرایەتی ئاشتیپارێزی بۆ ئۆکرانیا دوای گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست.
لە بەریتانیا، 57%ی ئەوانەی بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، پشتگیری "تاڕادەیەک یان زۆر"یان دەربڕیوە بۆ ناردنی نوێنەرایەتییەکی ئاشتیپارێزی، لەکاتێکدا 44% لە فەرەنسا، 41% لە ئەڵمانیا و تەنها 27% لە پۆڵەندا.
بەگوێرەی هەمان ڕاپرسی، 61%ی فەرەنسییەکان "پشتیوانی لە دووبارە سەپاندنی هەندێک جۆری خزمەتی سەربازیی ناچاری" دەکەن، لەگەڵ ڕێژەیەکی زۆر بەرز لە نێوان ڕاست و ڕاستڕەوە توندڕەوەکان.

ڕاپرسییەکە بە شێوەی ئۆنلاین لە فەرەنسا، پۆڵەندا، ئەڵمانیا و بەریتانیا ئەنجامدراوە و زیاتر لە هەزار کەسی لە هەر وڵاتێکدا لەخۆ گرتووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە واشنتۆن لەم هەفتەیەدا هاوکارییە سەربازی و هەواڵگرییەکانی بۆ کیێڤ بەست. لە بەرامبەردا ئەوروپییەکان کۆدەبنەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمبوونەوەی هاوکارییەکانی ئەمریکا و دامەزراندنی توانایەکی بەرگریی باوەڕپێکراو لە کیشوەرەکەدا.

ژمارەی خوێندراو : 39 جار

هەواڵی زیاتر