تونجەر باکرهان: وەستانی شەڕ و نەڕشتنی خوێن گەورەترین دەستکەوتی پرۆسەی چارەسەرییە

16 کاتژمێر پێش ئێستا

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە بەرنامەیەکی تایبەتدا ژێر ناونیشانی "دیداری خەڵک" لە شاری ئیستەنبووڵ، گوتارێکی پێشکێش کرد و تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی چارەسەریی لە تورکیا.
هاوسەرۆکی دەم پارتی جەختی لەسەر یەکگرتوویی و هاوبەشیی ئازارەکان کردەوە و ڕایگەیاند: "ئازاری لەدەستدانی ڕۆڵەکان لە هەردوولا یەکە و خەمی ئەدیرنە و خەمی جۆلەمێرگ هەر خەمی ئێمەیە." ئاماژەی بەوەش کرد کە: "لە چوار لای تورکیاوە ناخۆشی هەبووە، ئەو قوربانییانە تەنیا یەکلایەنە نەبوون. خەمی ئەدیرنە و خەمی هەکاری لای ئێمە یەکە. هیوادارین لەمەودوا نە لە شرنەخ و نە لە تەکیرداخ دایکان فرمێسک نەڕێژن و گەنجانمان گیان لەدەست نەدەن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باکرهان ئاماژەی بە گرنگیی ڕاگرتنی ئاڵۆزییەکان کرد و گوتی: "ڕەنگە هەندێک لایەن بیانوو بگرن یان بایەخی پرۆسەکە کەم بوبەنەوە، بەڵام بۆ ئەوانەی ئازاری 'جەرگسووتان'یان چەشتووە، ئەم دۆخە زۆر گرنگە. یەکێک لە سەرکەوتووترین خاڵەکانی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە ماوەی دوو ساڵە کەس نەکوژراوە، وەستانی شەڕ و نەڕشتنی خوێن بۆ ماوەی دوو ساڵ، گەورەترین دەستکەوتی پرۆسەی چارەسەرییە."
هاوکات رووی دەمیکردە "دایکانی شەممە" و "دایکانی ئاشتی" و داوای لێکردن خاوەنداریی لەم قۆناخە بکەن. لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "ئەمە پرۆسەی نەگەڕانەوەی تەرمی ڕۆڵەکانە. ئەوانەی ئازاریان نەدیوە، پڕ بە دەمیان قسە دەکەن، بەڵام دەبێت نرخ و بایەخی ئەم ئاشتییە لەوانە بپرسین کە ڕۆڵەکانیان لەدەستداوە."
لە کۆتاییدا هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بە وەرچەرخانێکی یاسایی مێژوویی کرد و گوتی، بۆ یەکەمجار لە مێژووی تورکیادا یاسایەکی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری بە دەنگی 467 پەرلەمانتار پەسند کراوە. هەروەها هۆشداریی دا کە پرۆسەکە بە قۆناخێکی "زۆر هەستیاردا" تێپەڕ دەبێت و پێویستی بە پشتیوانیی هەمووان هەیە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام و تورکیایەکی دیموکرات.

ژمارەی خوێندراو : 70 جار

هەواڵی زیاتر