پارتی كرێكارانی كوردستان چی لەبارەی كۆنگرەی خۆهەلوەشاندنەوەوە وت:

پێش 1 هەفتە



 ـ پڕۆسەی ئاشتی کە بە ڕاگەیاندنی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجه‌لان لە 27ـی شوباتدا دەستیپێکرد، لە ڕۆشنایی کارە فرەلایەنەکانی و ئەو تێڕوانینانەی کە بە شێوازی جیاواز پێشکەشی کردون، کۆنگرەی 12ـی پارتمان کە لە نێوان رۆژانی 5-7ی ئایار بەڕێوەچو، بە سەرکەوتویی کۆتایی هات".
ـ کۆنگرەکەمان سەرەڕای دۆخی دژوار کە شەڕ و پێکدادان بەردەوام بون، هێرشەکان لە ئاسمان و زەوییەوە درێژەیان هەبو، گەمارۆی سەر ناوچەکانمان و گەمارۆی بەردەوام بو، بە شێوەیەکی پارێزراو بەڕێوەچو، لەبەر هۆکاری ئەمنی، هاوکات لە دو ناوچەی جیاواز بەڕێوەبرا
ـ کۆنگرەی 12ـی پەکەکە کە بە بەشداری 232 نوێنەر بەڕێوەچو، بابەتەکانی ڕێبەرایەتی، شەهیدان، بریندارەکان، بونی ڕێکخراوەیی پەکەکە و شێوازی خەباتی چەکداری لەگەڵ بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتی گفتوگۆ کرد و بڕیاری مێژویی وەرگرت کە دەستپێکی قۆناخێکی نوێیە بۆ بزوتنەوەی ئازادیمان".
ـ کۆنگرەی نائاسایی 12ی پەکەکە، هەڵسەنگاندنی کرد کە خەباتی پەکەکە سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردنی سەر گەلەکەمانی تێکشکاند، کێشەی کوردی گەیاندە ئاستی چارەسەرکردن لە رێگای سیاسەتی دیموکراتییەوە و بەم شێوەیە پەکەکە ئەرکی مێژویی خۆی تەواو کرد، لەسەر ئەم بنەمایە، کۆنگرەی 12ی پەکەکە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی رێکخراوەیی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە شێوازی خەباتی چەکداریدا، کە پرۆسەی جێبەجێکردنی لەلایەن رێبەر ئاپۆوە بەڕێوە دەبرێت و بەم جۆرە کۆتایی بە چالاکییەکانی ژێر ناوی پەکەکە هێنا".
 
ـ پەکەکە؛ وەک بزوتنەوەی ئازادی گەلەکەمان هاتە سەر شانۆی مێژو دژی سیاسەتی نکۆلی و لەناوبردنی کورد کە سەرچاوەکەی پەیماننامەی لۆزان و دەستوری 1924 بو، لە سەرەتای دروستبونیدا کاریگەرییەکانی سۆسیالیزمی واقیعی بەسەرەوە بو و پرەنسیپی مافی نەتەوەکان بۆ دیاریکردنی چارەنوسی خۆیانی پەسەند کرد، لەسەر بنەمای ستراتیژی خەباتی چەکداری خەباتێکی ڕەوا و بەرهەقی بەڕێوەبرد".
ـ پەکەکە لە بارودۆخێکدا شکڵی گرت کە نکۆلیکردنی توندی کورد، سیاسەتی لەناوبردن لەسەر ئەم بنەمایە، سیاسەتەکانی ژینۆساید و توانەوە زاڵ بون، لە ساڵی 1978ـەوە بە خەباتی ئازادی کە بەڕێوەی برد، ئەوەی کردە بنەما کە بونی کورد بسەلمێنێت و کێشەی کورد وەک ڕاستییەکی بنەڕەتی تورکیا ببینرێت، لەسەر ئەم بنەمایە و بە ئەنجامی خەباتی سەرکەوتوانە، شۆڕشی زیندوبونەوەی لە ناوی گەلەکەماندا بەدیهێنا و بوە هێمای هیوای ئازادی و جێگەی گەڕان بۆ ژیانێکی شەرەفمەندانە بۆ گەلانی ناوچەکە".
ـ لە بارودۆخی ساڵانی 1990 کە شۆڕشی زیندوبونەوەمان بوە هۆی گەشەکردنی گەورە لە ڕوانگەی گەلەکەمانەوە، گەڕانی تورگوت ئۆزال، سەرۆک کۆماری کۆماری تورکیا، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە ڕێگای سیاسەتەوە پەرەی سەند، ڕێبەر ئاپۆ بە ئاگربەستی 17ی مارسی 1993 وەڵامی ئەم گەڕانەی دایەوە و پرۆسەیەکی نوێی دەستپێکرد، بەڵام کاریگەرییە قورسەکانی سۆسیالیزمی واقیعی، تێگەیشتنە چەتەییەکان کە بەسەر هێڵی شەڕی ئێمەدا سەپێنرا و لەناوبردنی تورگوت ئۆزال و تیمەکەی لەلایەن دەوڵەتی قوڵەوە، پێداگرتن لەسەر سیاسەتی نکۆلی و لەناوبردنی کورد و هەڵکشاندنی شەڕ، بوە هۆی ساباتکردنی ئەم پرۆسە نوێیە". 
ـ هەزاران گوند چۆڵکران و سوتێنران، ملیۆنان کورد لە شوێنی خۆیان ئاوارە کران، دەیان هەزار کەس توشی ئەشکەنجە بون و خرانە بەندیخانە و هەزارانیش بە شێوەی نادیاری ئەنجامدەر کوژران. لە بەرامبەر ئەمەدا بزوتنەوەی ئازادی هەم لە ڕوی چەندایەتی و هەم لە ڕوی چۆنایەتییەوە گەشەی کرد، شەڕی گەریلا بڵاوبوەوە بۆ کوردستان و تورکیا، لەژێر کاریگەری شەڕی گەریلادا گەلی کورد ڕاپەڕین، بەم شێوەیە شەڕ بوە هەڵبژاردەی سەرەکی لە دیدی هەردو لایەنەوە، لێکدانی بەرامبەری هەڵکشانی شەڕ نەتوانرا سەرلەنوێ تێپەڕێنرێت، بەم جۆرە هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە ڕێگای دیموکراتی و ئاشتیانە بێ ئەنجام مایەوە".
ـ پرۆسەکە بە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی 15ی شوباتی 1999 گوازرایەوە بۆ قۆناغێکی جیاواز، لەم پرۆسەیەدا شەڕی کورد-تورک کە ئامانجێکی گرنگی پیلانگێڕییەکە بو، بەهۆی قوربانیدان و هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆوە ڕێگری لێکرا، سەرەڕای ئەوەی کە لە سیستەمی ئەشکەنجە و ژینۆسایدی ئیمرالیدا هێڵدرایەوە، پێداگرتنی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە ڕێگای دیموکراتی و ئاشتیانە بەردەوام بو، ڕێبەر ئاپۆ کە بۆ ماوەی 27 ساڵە لەژێر تەریککەوتنی ڕەهادا ڕاگیراوە، بە خەبات دژی سیستەمی ژینۆسایدی ئیمرالی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی پوچەڵ کردەوە، لە خەباتی دژی پیلانگێڕی نێودەوڵەتیدا سیستەمی دەسەڵاتخوازی-دەوڵەتی پیاوسالاری شیکردەوە و پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتی، ئیکۆلۆژی و ئازادیخوازی ژنانی پەرەپێدا، بەم شێوەیە سیستەمی جێگرەوەی ئازادی بۆ گەلەکەمان، ژنان و مرۆڤایەتی چەوساوە بەرجەستە کرد".
ـ ئاپۆ پێشتری پەیماننامەی لۆزان و دەستوری 1924ی وەک سەرچاوە گرت کە لەوێوە پەیوەندییەکانی کورد-تورک کێشەدار بون، تێڕوانینی نیشتمانی هاوبەش و کۆماری دیموکراتی تورکیای قبوڵ کرد کە گەلانی کورد-تورک توخمی دامەزرێنەر بن، و تێگەیشتنی نەتەوەی دیموکراتی وەک چوارچێوەی چارەسەری کێشەی کورد پەسەند کرد، ڕاپەڕینەکانی کوردی لە مێژوی کۆماریدا، دیالێکتیکی پەیوەندی کورد-تورکی هه‌زار ساڵ و خەباتی ڕێبەرایەتی 52 ساڵە نیشانیان داوە کە کێشەی کورد تەنها لەسەر بنەمای نیشتمانی هاوبەش و هاوڵاتی یەکسان چارەسەر دەبێت، پەرەسەندنەکانی ئێستای ناوەڕاستی ڕۆژهەڵات لە چوارچێوەی جەنگی جیهانی سێیەمدا، ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی کورد-تورک چارەنووسساز دەکەن".
ـ بڕوای تەواومان هەیە کە گەلەکەمان باشتر لە هەموان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە شێوازی خەباتی چەکداری تێدەگات و ئەرکەکانی قۆناغی خەباتی دیموکراتی لەسەر بنەمای بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتی جێبەجێ دەکات، زۆر گرنگە کە گەلەکەمان بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان، لە هەمو بوارەکانی ژیاندا خۆڕێکخستنەکانی خۆی پێکبێنێت، لەسەر بنەمای خۆبەسبون بە زمان، ناسنامە و کەلتوری خۆی ڕێکخراو بێت، لە بەرامبەر هێرشەکاندا خۆی بپارێزێت و بە گیانی سەفەربەری کۆمەڵگەی دیموکراتی کۆمیوناڵ بنیات بنێت، لەسەر ئەم بنەمایە بڕوامان وایە کە پارتە سیاسییەکانی کورد، ڕێکخراوە دیموکراتییەکان، ڕێبەرانی بیر و ڕا لێپرسراوێتیان بۆ پەرەپێدانی دیموکراسی کوردی و دەستەبەرکردنی نەتەوەسازی دیموکراتی کوردی جێبەجێ دەکەن".
ـ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە شێوازی خەباتی چەکداری کە کۆنگرەکەمان وەریگرتوە، زەمینەیەکی بەهێز پێشکەش دەکات بۆ ئاشتی بەردەوام و چارەسەری دیموکراتی، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی باسکراو، پێویستی بە بەڕێوەبردن و ئاراستەکردنی پرۆسەکە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە، ناسینی مافی سیاسەتی دیموکراتی و دەستەبەری یاسایی تەواو و پتەو هەیە، لەم قۆناغەدا گرنگە کە پەرلەمانی گەورەی نەتەوەیی تورکیا بە لێپرسراوێتی مێژویی ڕۆڵی خۆی ببینێت، بە هەمان شێوە بانگەوازی هەمو پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان، بەتایبەت حکومەت و پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کۆمەڵەکانی ئایین و باوەڕی، دەزگاکانی میدیای دیموکراتی، ڕێبەرانی بیروڕا، ڕوناکبیران، ئەکادیمیستەکان، هونەرمەندان، سەندیکاکانی کرێکاران-ڕەنجدەران، ڕێکخراوەکانی ژنان-گەنجان، بزوتنەوە ئیکۆلۆژیستەکان دەکەین کە لێپرسراوێتی هەڵبگرن و بەشداری پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی بن".

ژمارەی خوێندراو : 121 جار

هەواڵی زیاتر