عەلی باپیر هێرشدەكاتە سەر ولاتانی عەرەبی

3 رۆژ پێش ئێستا

بەراوردێكی نێوان یەكیەتیی ئەورووپا و دەوڵەتۆكە عەڕەبییەكان
دوێنێ ٢٠-٥-٢٠٢٥ ز – ٢٢ ذي القعدة ١٤٤٦ ك، یەكیەتیی ئەورووپا و ژمارەیەكی بەرچاو لە دەوڵەتەكانی، هەڵوێستی جوامێرانەیان نواند لە بەرانبەر دڕندەییەكانی ڕژێمی زایۆنییداو، پشتگیریی كردنی مسوڵمانانی ستەمدیدەی فەڵەستین و كەرتی غەززەو، چەند هەنگاوێكی كردەییان لەو بوارەدا نان، كە هیوادارم بەرهەم و دەرهاویشتەی گەورە و كاریگەریان هەبێ و، شایستەی سوپاس و پێزانینی زۆرن و مایەی سەربەرزییشیانن.
لە بەرانبەریشدا: زۆربەی دەوڵەتۆكە عەڕەبییەكان - كە بەداخەوە بوودەڵەكان (رُوَیْبِضات) بەڕێوەیان دەبەن - بەزیوانە، دەستیان بە خۆیان بەرداونەوەو، خۆیان عەیبداری دنیا و شەرمەزاری قیامەت كردوەو، لە حاڵێك دا سەروەت و سامانی خەڵك و وڵات سەخاوەتمەندانە تەخشان و پەخشان دەكەن، بوێریی و غیرەتی یەك هەنگاوی مەردانەیان نیە بۆ بەرگرییكردن لە ژن و منداڵ و خەڵكی قەتڵعامكراوی غەززە و كەناری ڕۆژئاوا!
پێویستە ئەمەش زەنگێكی هۆشیاریی بێ بۆ كۆی مسوڵمانان، كە بە هەر شێوازێكی شەرعیی گونجاو، هەرچی زووترە كۆتایی بە دۆخی ناشەرعیی وڵاتەکانیان بهێنن و، گۆڕانکاریی ڕیشەیی بکەن، بۆ ئەوەی لە دنیا و قیامەت دا بە ئاگری ستەمکاران نەسووتێن، وەك خوای دادگەر فەرموویەتی: (وَلَا تَرْكَنُوا إِلَى الَّذِينَ ظَلَمُوا فَتَمَسَّكُمُ النَّارُ ...) هود -١٣-.
هێندەی پووشكەیەكیش بەهاو نرخ بۆ قسە و فەتوای بەناو موفتی و زانا دینفرۆشەكانی دەوری ئەو ڕژێم و حوكمڕانە ناشەرعییانە دانەنێن و، چیدیكە پێیان هەڵنەخەڵەتێن، چونكە ئەوانیش لەگەڵ حوكمڕانەكان دا شەریكە دزن!
جێی سەرنج و عیبڕەتیشە کە مسوڵمانە موجاهیدەکانی فەڵەستین، خۆشیان سەربڵندن و مایەی سەربەرزیی ئۆممەتیشن، بەهۆی پابەندیی بە قوڕئانەوەو، زۆرێکیش لە بەناو زاناو موفتییەکانی وابەستەو دابەستەی ئەو ڕژێم و حوکمڕانانە، سەرشۆڕ و زەبوونن، بەهۆی باوەش بە دنیا داکردن و، ترسنۆکیی و بێ هەڵوێستییانەوە!
عەلی باپـیر
٢٣ ذي القعدة ١٤٤٦ ك
٢١-٥-٢٠٢٥ ز

ژمارەی خوێندراو : 245 جار

هەواڵی زیاتر