وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئیدانەی هێرشی هێزە داگیرکەرەکانی ئیسرائیلی کرد بۆ سەر ئەو شاندەی پێکهاتبوو لە باڵیۆز و دیپلۆماتکاران کە سەردانی کەمپی پەنابەرانی جەنینی کرد.
لەو بارەیەوە، وەزارەتەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا باسی لەوە کرد کە هێرش کردنە سەر دیپلۆماتکاران لەلایەن هێزەکانی داگیرکەری ئیسرائیلەوە بە ڕوونی پێشێل کردنی یاسای نێودەوڵەتیی و داب و نەریتی دیپلۆماسییە و، ئەمە مەترسی لەسەر ئاسایشی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان دروست دەکات و پێشێل کردنی پارێزبەندی دیپلۆماسییە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەسەر هاودەنگیی تەواوی عێراق لەگەڵ گەلی فەڵەستین کراوەتەوە و، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کراوە هەوڵەکانی لە پێناو کۆتاییهێنان بە داگیرکاری چڕ بکاتەوە.
دوێنێ لە میانی سەردانەکەیان بۆ کەمپی پەنابەرانی جێنین لە کەرتی ڕۆژئاوا، شاندێکی دیپلۆماسی کە زیاتر لە 25 باڵیۆز و نوێنەری بیانی پێکهاتبوو لە لایەن هێزەکانی داگیرکەری ئیسرائیلەوە تەقەیان لێکرا، ڕووداوەکەش شەرمەزارکردنی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.
ژمارەی خوێندراو : 89 جار