ڕاگەیەندراوێک لەسەر پرۆژە داسەپاوەکانی (#هەژماری_من_و_ڕووناکی)

17 کاتژمێر پێش ئێستا

 
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

🔷مووچەخۆرانی ستەمدیدە،
مامۆستایان و فەرمانبەرانبەرانی بەهەڵوێست.

🔹ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین؛ کە سەرمایەداری و پووچگەرایی،  دادگا و ناڕەزایەتی و هەڵوێست و جووڵەی مەدەنیی، بەها و کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نییە و بەهێز و تاڵانکاران، لاواز و بێدەرەتانەکان، زیاتر و بێویژدانانەتر دەچەوسێننەوە.

🔸دڵنیایی دەدەین وگۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە ئەوەمان پێدەڵێن:
 ئەم ڕۆچوونەی دەسەڵات لەناو زەلکاوی پێشێلکاری و نادادپەروەریی و قۆرخکارییدا؛ ئاکامی باشی بۆ خۆیان نابێت و دواجار سەریان لە هەمبانەی چارەنووسی دیکتاتۆرەکانی مێژووەوە دەردەچێت. 

🔹مادام مرۆڤایەتی و ئایین و مێژوو، وایان فێرکردووین، کە (نە ئازایەتی تەمەن کورتدەکاتەوە و نە ترسنۆکیش درێژیدەکاتەوە)؛ کەواتە پێویستە و ئەرکی مرۆڤبوون و ئایینی و ئەخلاقیی سەرشانمانە، خۆمان ڕێکبخەینەوە و کارژی بێدەنگی و ملکەچی لە خۆمان داڕنین و دەرەنجامی گشت بەدکاریی و برسیکردن و بێکەرامەتیکردنەکانی ئەم بەکرێگیراو و چەتانەی دەسەڵات؛ بە مۆڵکراوی بکێشین بە تەوێڵیاندا و بیانکەین بە پەند بۆ حوکمڕانانی دوای خۆیان.

🔸ئێمە یەقینی تەواومان بەوە هەیە، پارتی لە ستەم و بێمۆراڵیبوونی حوکمڕانیدا، لووتکەی هەڕەمەکەی بۆ خۆی پاوانکردووە؛ بەڵام لە دەبڵمۆراڵی و دووڕووییدا ناگاتەوە بە قولەپێی یەکێتیدا.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەدای هەموو دووکانە سیاسی و سەوداگەر و دەستبەکڵاوگر و لایکخوازەکانی دەرەوەی ئەم دوو حیزبە، لە بەرامبەر (تاڵانکاری و زیادکردنی باج و سەرانە و قاچاخچێتی و چەوسانەوە و خاکفرۆشی و کەرامەتفرۆشی و یاساشکێنی و دەنگدزین و سەپاندنی پرۆژە ژەهراوییەکانی بنەماڵەکانی دەسەڵات)؛ بەوپەڕی ئیرادەمانەوە ئیدانە و سەرکۆنە دەکەین.

🔷داوا لە هاووڵاتییان و مووچەخۆران دەکەین، بوێری و سەربەرزیی خۆیان لەوەدا بەخەرج بدەن؛ کە نەچنە ژێرباری سەپاندنی بەزۆرەملێی پرۆژەکانی (هەژماری من و ڕووناکی) و ڕەتیبکەنەوە.

🔸هۆشداریی تووند بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەدەین؛ کە دەتوانن خۆیان ڕێکبخەنەوە و بە ئیرادەیان بۆ دەسەڵاتی بنەماڵەکانی بسەلمێنن کە (بڕینی قووت، بڕینی دەستی بەدوادادێت)، یان دەتوانن بە بێدەنگیی و بەدەمەوەنەهاتنی ناڕەزایەتییەکان دیسان بە دەسەڵاتی پاوەنکار بڵێن: (ئەوەی تا ئێستا لە ملهوڕییدا کردووتە، کەمە و دەتوانیت ستەم و چەوساندنەوە زیاتر و زۆرتر بکەیت!)

🔷تکا دەکەین و دامێنتان دەگرین، ڕۆحێکی نوێ بکەنەوە بەبەری ئیرادەتاندا و مەهێڵن پیلانی بێئومێدکردنی کۆمەڵگەکەمان، بچێتە دوا قۆناغ و بە یەکجاریی بگاتە قۆناغی کەوتنەوە.

ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی

ژمارەی خوێندراو : 85 جار

هەواڵی زیاتر