ڕاگەیەنراوى ئیدارەی خۆسەری بـاکـور و ڕۆژهەڵاتی سـوریـا

2 رۆژ پێش ئێستا

ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داوای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی چالاک لە کاروباری سوریا کرد کە هەڵوێستی ڕون و هەنگاوی جددی و کاریگەر بنێن بۆ پێشگرتن لە هەڵگیرسانی هەر شەڕێکی نوێ لە سوریا, هەروەها داواى لە حکومەتی کاتی سوریا کرد کە دانوستان و چارەسەری سیاسی لە پێشینەی زمانی شەڕ و چەکدا دابنێت
ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، زیاتر لە 15 ساڵە گەلی سوریا ڕوبه‌ڕوی شەڕ و وێرانکاری و کوشتن و ئاوارەبون بوەته‌وه‌ و لە ئەنجامی ئەو سیاسەتانەی ستەمکاری و توندوتیژیی ڕژێمی لەکارکەوتو پەیڕەوی کردوە، باجێکی قورسی داوە، ئەمڕۆش سورییەکان ئاواته‌خوازن لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ هه‌ڵبده‌نه‌وه‌ و  بە کەرامەت و ئاسایشەوە بژین و داهاتویەک بنیات بنێن کە سەقامگیر بێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، "دروستکردنی شەڕی نوێ، یان پەنابردن بۆ پەرەسەندنی سەربازیی، دەبێتە هۆی تێکدانی هەر پرۆسەیەکی سیاسی جددی، لێدان لە بناغەکانی ئاشتی مەدەنی و قوڵکردنەوەی دۆخی دابەشبون و پارچەپارچەبون لە نێوان گەلی سوریادا، لە کاتێکدا ئێمە زۆر پێویستمان بە یەکگرتن و یەکخستنی هێز هەیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەکان"
ئیدارەی خۆسەر ده‌ڵێت، "وه‌ك له‌ رابردودا رونمان كردوه‌ته‌وه‌ زمانی گفتوگۆ و گفتوگۆی بەرپرسیارانە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان دەبێت لە نێو هەمو هێزەکانی سوریادا زاڵ بێت، دور لە زمانی هەڕەشە و شەڕ و چەک، کە تەنها دەبێتە هۆی خوێنڕشتن و وێرانکاری زیاتر و تێیدا هیچ براوە و دۆڕاوێک نابێت، بەڵکو زیاتر نیشتمان و گەلی سوریا ئەوانە دەبن باجەکەی بدەن، بە شێوەیەک کە تەواو پێچەوانەی هیوا و خواستەکانی سورییەکان بێت".
ئیدارەی خۆسەر داوا لە حکومەتی راگوزه‌ری سوریا دەکات لە بڕیارەکانیدا بە حیکمەت و بەرپرسیارێتیەوە مامەڵە بکات و دانوستان و چارەسەری سیاسی لە سەر زمانی شەڕ و چەک لە بەرژەوەندیدا بێت، چونکە ئەوە لە بەرژەوەندی گەلی سوریا و یەکگرتویی وڵاتدایە.
ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، ئیداره‌ی خۆسه‌ر هێشتا ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەمو پرسەکان لەڕێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن، بەمەبەستی ڕاگرتنی خوێنڕشتنی سورییەکان و پوچەڵکردنەوەی پلانەکانی "دابەشکردن و حوکمڕانی" کە ئامانجیان هاندانی ململانێیە لەنێوان سوریاییەکان.

په‌یوه‌ست به‌ بونی په‌یوه‌ندی نێوان ئیداره‌ی خۆسه‌ر و ئێران، له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، "لەم دواییانەدا هەندێک کەناڵ و ماڵپەڕی هەواڵگری زانیاری ناڕاست لەسەر ئێمە و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتان و بەتایبەت ئێران بڵاودەکەنەوە، دوپاتی دەکەینەوە کە ئێمە هێڵێکی سیاسی پتەومان هەیە، کە بریتییە لە وەرگرتنی ئیرادەی خەڵک و ژنان و مافەکانیان وەک بنەمایەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەمو حکومەتەکان".

ژمارەی خوێندراو : 57 جار

هەواڵی زیاتر