پزیشکیان ترەمپ و نەتانیاهۆ بە نانەوەی فیتنە و شەڕی ناوخۆ لە ئێراندا تۆمەتبار دەکات

پێش 2 هەفتە

مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک‌کۆماری ئێران، ئەمڕۆ شەممە، ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەورووپای بە نانەوەی فیتنە و هاندانی خۆپێشاندەران لە ئێراندا تۆمەتبار کرد و جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی توانیویەتی ئەو پیلانانە پووچەڵ بکاتەوە.
پزیشکیان ڕایگەیاند کە لە میانی ڕووداوەکانی ئەم دواییەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک‌وەزیرانی ئیسرائیل و وڵاتانی ئەورووپی، هەوڵیان داوە دووبەرەکی لە ئێراندا دروست بکەن و هاوکارییان پێشکەش کردووە و کاریان بۆ هاندانی خۆپێشاندەران کردووە.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە کەسانێک هەن دەیانەوێت خۆپێشاندانی ئاشتییانە بۆ نانەوەی ئاژاوە و شەڕی ناوخۆ لە نێوان ئێرانییەکاندا بقۆزنەوە، داواشی کرد بە ژیرییەوە مامەڵە لەگەڵ داواکارییەکانی گەلدا بکرێت.
سەرۆک‌کۆماری ئێران زیادی کرد: «دەبێت پێداچوونەوە بە شێوازی مامەڵەکردنمان لەگەڵ خەڵکدا بکەین» و وتیشی: «دادپەروەری ئامانجی ئێمەیە و دەبێت سەروەری بدەینە گەل و لە دەسەڵاتدا بەشدارییان پێ بکەین».
ئەم لێدوانانەی پزیشکیان لە کاتێکدایە کە هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ڕووی لە زیادبوونە؛ بە جۆرێک ئەمریکا هێزەکانی لە ناوچەکەدا کۆ دەکاتەوە و ترەمپیش بە بیانووی پاراستنی خۆپێشاندەران، هەڕەشەی وەشاندنی گورز لە تاران دەکات، ئەوەش لە دوای ئەو خۆپێشاندانە خوێناوییانەی کە ماوەیەک لەمەوبەر وڵاتەکەی گرتەوە. ئێران ئەم هەنگاوانە وەک هەوڵێک دەبینێت بۆ نێودەوڵەتیکردنی قەیرانەکان و هەوڵدان بۆ گۆڕینی ڕژێمی وڵاتەکە.

ژمارەی خوێندراو : 150 جار

هەواڵی زیاتر