ڕوون میدیا
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کۆمپانیاکانی نەوت کۆبووەوە؛ لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لە سبەی پێنجشەممەوە کۆمپانیاکان دەست بە کارەکانیان بکەنەوە و سەرجەم پێداویستییە ئەمنییەکانیان بۆ دابین بکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکەوە کارەکانیان ڕاگرتبوو.
ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عەلی فالح زەیدی پێشوازی لە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و نوێنەرانی ئەو کۆمپانیایانەی نەوت کرد کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن. لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرانی دەرەوە و نەوت، هەروەها سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق ئامادەبوون.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکە، نوێنەرانی کۆمپانیاکان باسیان لە دۆخی کارکردنیان کردووە، بەتایبەت لەژێر کاریگەریی ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکەدا ڕوویانداوە، هەروەها دیدگەی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی خێرای پڕۆسەی بەرهەمهێنان خستووەتەڕوو.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کردەوە و ڕایگەیاند:
"ئەو زیانەی بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوت لەڕێگەی تەنگەی هورمزەوە بەر عێراق کەوتووە گەورەیە، ئەمەش وا دەخوازێت هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانە لەڕێگەی چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم زیادکردنی بەرهەمهێنان."
سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، سەرجەم پێداویستییەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان دابین بکەن و ژینگەیەکی گونجاویان بۆ بڕەخسێنن. نووسینگەی سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەش کردووە کە عەلی زەیدی ڕەزامەندی داوە لە سبەی پێنجشەممەوە کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەست بە کارەکانیان بکەنەوە.
بەهۆی پەرەسەندنی ململانێ و گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکەوە لە مانگەکانی ڕابردوودا، کێڵگە و کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی مەترسیی ئەمنی ببوونەوە، ئەمەش ببووە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆری کۆمپانیا بیانییەکان پڕۆسەی بەرهەمهێنان و کارەکانیان بە شێوەیەکی کاتی ڕابگرن. کۆبوونەوەی ئەمڕۆی بەغدا وەک هەوڵێکی جیددی دێت بۆ کۆتاییهێنان بەو وەستانە و پاراستنی کەرتی وزە.
ژمارەی خوێندراو : 24 جار