سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئێران و تورکیا دەکات

18 کاتژمێر پێش ئێستا

روون میدیا
بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا عەلی فالح زەیدان، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە چوارچێوەی زنجیرەیەک سەردانی فەرمیدا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، سەردانی هەریەکە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و تورکیا بکات.
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 20ی تەممووزی 2026 بە "رووداو"ی ڕاگەیاند، سەردانەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش ئەنجام دەدرێن و تێیاندا چەندین دۆسیەی دووقۆڵی تاوتوێ دەکرێن. بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، پێشبینی دەکرێت عەلی فالح زەیدان کۆتایی ئەم هەفتەیە سەردانی ئێران بکات.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکان بەشێکن لە کارنامەی حکومەت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان. هاوکات لەو سەردانانەدا گرنگییەکی زۆر بە تاوتوێکردنی دۆسیە هەرێمییەکان دەدرێت، بەتایبەت لە سایەی ئەو پێشهاتانەی ناوچەکەی گرتووەتەوە و ئەو هەوڵانەی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری دەدرێن.
عەبوودی جەختیکردەوە کە عێراق هەوڵ دەدات رۆڵێکی کارا بگێڕێت لەسەر بنەمای پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ هەموو لایەنەکان، بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی دیالۆگ و کەمکردنەوەی بارگرژییە هەرێمییەکان.
شایانی باسە، ئەم سەردانانە دوای ئەوە دێت کە عەلی فالح زەیدان لە 13ی تەممووزی 2026 وەک سەرۆکوەزیران دەستبەکاربوو و یەکەم سەردانی فەرمیی خۆیشی بۆ دەرەوەی وڵات ئەنجامدابوو بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

ژمارەی خوێندراو : 57 جار

هەواڵی زیاتر