نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سووریا. لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق بە پرۆتۆکۆلێکی فەرمی پێشوازیی لێکرا و دواتریش لە کۆشکی کۆماری (کۆشکی گەل)، لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریاوە پێشوازیی لێکرا.
کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری سووریا تیشک دەخاتە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، هاوکاریی ئابووری و بازرگانی، ئاسایشی سنوورەکان و دۆخی گشتیی ناوچەکە.
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم سەردانە بەدواداچوونە بۆ تێگەیشتنەکانی نێوان حکومەتی دیمەشق و هێزەکانی سوریا دیموکرات (هەسەدە) و داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی سووریادا.
بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان پەیوەستە بە بەهێزکردنی هاوکارییەکان لە بواری پەروەردە و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان.
دیداری لاوەکی: بڕیارە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا لەگەڵ چەندین کەسایەتی و بەرپەرسی کورد لە سووریا، لەوانەش سەرکردایەتیی هەسەدە کۆببێتەوە.
ژمارەی خوێندراو : 103 جار