مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، دیدارەکەی ئەم دواییەی لەگەڵ موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران، نزیکەی حەوت کاژێری خایاندووە و تێیدا تاوتوێی سەرجەم پرسە گرنگەکانی وڵات و بژێویی خەڵکیان کردووە.
پزیشکیان لە لێدوانێکدا بۆ تەلەڤیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی تیشکی خستە سەر وردەکاریی کۆبوونەوەکە و رایگەیاند کە دیدارەکە ئەرێنی بووە، هەروەها وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە لەسەر تەندروستیی رێبەری نوێ بڵاوبوونەتەوە و ئاماژەی بەوە کرد موجتەبا خامنەیی لەڕووی جەستەیی و تەندروستییەوە تەواو سەلامەتە و هیچ کێشەیەکی نییە.
سەرۆککۆماری ئێران ئاشکراشی کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا پرسی بژێوی خەڵک، دۆخی بازاڕ، هەلی کار، کێشەی نیشتەجێبوون و ئەو گرفتانەی بەهۆی گەمارۆکانەوە دروستبوون تاوتوێکراون، جیا لەوانەش پرسی چۆنیەتی خۆڕاگری، وەستانی گەل لەگەڵ حکومەت، پاراستنی یەکڕیزی و بارودۆخی ئێستای جەنگ و گۆڕانکارییە سەربازییەکان تەوەری سەرەکی بوون.
ئەم لێدوانانەی پزیشکیان لە کاتێکدان کە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی و دەستنیشانکردنی کوڕەکەی، موجتەبا خامنەیی وەکو رێبەری نوێ، تاوەکو ئێستا هیچ وێنە، دەنگ یان گرتەیەکی ڤیدیۆیی نوێ لە موجتەبا خامنەیی و دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆککۆمار بڵاو نەکراوەتەوە.
ژمارەی خوێندراو : 57 جار