"سێ داواكاریی دژ بە یەك" بەغدا لە سێ لاوە خۆپیشاندانە

13/08/2022

ئەمڕۆ هەینی لە سێ لاوە خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت، خۆپیشاندانەكان لەلایەن سێ لایەنی ناكۆكەوە ئەنجامدەدرێن و، داواكارییەكانیشیان دژ خواست و داوای یەكترە .
خۆپیشاندانی یەكەم:
لایەنگرانی موقتەدا سەدر لە زۆربەی پارێزگان جگە لە نەجەف و كەربەلا ئەنجامدەدرێت، داواكاریی سەرەكی ئەمانە جگە لەوەی بەوتەی خۆیان داوای (چاكسازیی ڕێشەیی و گشتگیر) دەكەن، دەیانەوێت ئەنجومەنی نوێنەرانیش هەڵبوەشێتەوە و هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە .
هاوكات بۆ پاڵپشتیشە لەو مانگرتن و گردبوونەوە و خۆپیشاندانەی ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە لە ناو باڵەخانە و دەوروبەری ئەنجومەنی نوێنەران و ناوچەی سەوز بەڕێوەدەچێت .
خۆپیشاندانی دووەم:
لایەنگرانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگییە كە پێكهاتەی زۆربەی هێز و لایەنە شیعەكانە .
داواكاریی ئەم هاوپەیمانێتیە، بەوتەی خۆیان پشتیوانییكردنی دامەزراوە یاسایی و دەستورییەكانی وڵاتە لەناویاندا حكومەت و پەرلەمان .
خۆپیشاندەرانی سەربە چوارچێوەی هەماهەنگیی بە تەواوی دژ بە خواستی ڕەوتی سەدرن و پێیانوایە هەر جۆرە بڕیارێك بە ئاراستەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە، پێویستە هەموو لایەنەكان لەسەری ڕێكبكەون و دواتر بە ڕێكاریی یاسایی و دەستوریی بڕیاری لێبدرێت .
خۆپیشاندانی سێهەم:
ئەمە زیاتر چالاكوان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی ئەنجامی دەدەن .
خواست و داواكاریی ئەمان لە داوای هەردوو لایەنی ناكۆك (چوارچێوەی هەماهەنگیی و ڕەوتی سەدر) جیاوازە .
ئەمانە جەخت لە جێبەجێكردنی داواكاریی خۆپیشاندانەكانی تشرینی ڕابردوو و بە سزا گەیاندنی گەندەڵكاران و ڕەزگاركردنی وڵات لە پشك پشكێنەی حزبی و ڕێگری لە دەستوەردانی وڵاتانی بێگانە دەكەن .
بەڵام ئەمانەوە ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگیی بەشی سەرەكی ئەو بارودۆخە ئاڵۆز و ئەو گەندەڵییە زۆرەن كەلەدوای 2003 ـەوە بەسەر عێراقدا دێت .

ژمارەی خوێندراو : 55 جار

هەواڵی زیاتر